حه‌شدى شه‌عبی هەڕەشەی تۆڵە کردنەوە دەکات
حه‌شدى شه‌عبی: مافى خۆمانه وه‌ڵامى هه‌ر هێرشێك بده‌ینه‌وه

K24 - هەولێر:
به‌فه‌رمانى راسته‌وخۆی جۆو بایدن، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا، ژماره‌یه‌ك ناوه‌ندى سه‌ربازى سه‌ر به حه‌شدى شه‌عبی له پارێزگاى ئه‌نبار، بۆردوومان كرا، بووه هۆى كوژرانى 4 چه‌كدارى حه‌شدى شه‌عبی و بریندار بوونى ژماره‌یه‌كى دیكه.
له‌مباره‌وه ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبی، به‌یاننامه‌یه‌كى ده‌ركرد، تێیدا ئیدانه‌ى ئه‌و هێرشه‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، به ده‌ستدرێژى بۆ سه‌ر سه‌روه‌رى خاكى عێراق وه‌سفى كردووه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، كاتژمێر 2 ى به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا، 3 بنكه‌ى سه‌ربازى سوپاى حه‌شدى شه‌عبی له عێراق، بۆردوومان كرد، بووه هۆى كوژرانى 4 له‌چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی.
روونیشیكرده‌وه، هێرشه‌كه بۆ سه‌ر هه‌ردوو لیواى (14 و 46)ى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی، له پارێزگاى ئه‌نبار ئه‌نجامدراوه، هێزه‌كانمان له‌كاتى به‌جێگه‌یاندنى ئه‌ركى رۆژانه‌ى خۆیان بوونه، كه به‌رده‌وام به‌ره‌نگارى چه‌كدارانى داعش ده‌بنه‌وه.
له بەشێکی دیکەی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه "حه‌شدى شه‌عبی، له ژێر فه‌رمانى هێزه هاوبه‌شه‌كانى عێراق چالاكییه‌كانیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین سوپای بێگانه له عێراقدا بمێننه‌وه".
حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشکردووە "سوپاى ئه‌مه‌ریكا هه‌ندێ زانیارى نادروستیان ده‌رباره‌ى بۆردوومانه‌كه بڵاوكردووه‌ته‌وه، هیچ كۆگایهكى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى حه‌شدى شه‌عبی نه‌كراوه‌ته ئامانج".
ئەوەشخراوەڕوو "ئه‌و هێرشه‌ى ئه‌مه‌ریكا ئیدانه ده‌كه‌ین، سه‌ره‌خۆشیش له قوربانیان ده‌كه‌ین، مافى یاسایی خۆشمانه كه ره‌تى هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌ك بده‌ینه‌وه، ئه‌م هێرشه پێشێلى سه‌روه‌رى خاكى عێراقیشه".
حه‌شدى شه‌عبی جەختیکردەوە "دژى مانه‌وه‌ى سوپاى بیانین له عێراق، ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و دۆسییه نابین".
ك.ب