سامی ئه‌تروشی: حه‌شدی شه‌عبی خۆی وه‌ك ئه‌مرێكی واقع سه‌پاندووه
"ئه‌مه‌ریكا هیچ نیازێكی بۆ له‌ناوبردنی حه‌شدی شه‌عبی نییه، ئه‌گینا ده‌یتوانی له ساڵی 2017 رێگری له ده‌رچوونی یاسای حه‌شد بكات"

K24- هه‌ولێر:
سامی ئه‌تروشی، چاودێری سیاسی و ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی هێرشی شه‌وی رابردووی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا، كه به‌هۆیه‌وه 5 چه‌كداری حه‌شد كوژران، گوتی: ئه‌و هێرشه چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه پێشتر حه‌شدی شه‌عبی چه‌ندین جار پێگه‌كانی ئه‌مه‌ریكای به هێرشی مووشه‌كی و تۆپبارانكردن كردووه‌ته ئامانج، چ له هه‌ولێر یانیش له به‌غدا و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق بن، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ره‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌و هێرشانه زیاتر ده‌كات.
ئه‌م گوتانه‌ی ئه‌ترۆشی له‌كاتی به‌شداریكردنی له بڵاوكراوه‌ی ده‌نگوباسی كوردستان24ـدا هاتوون و دووپاتیكرده‌وه، عێراق بووه‌ته گۆڕه‌پانی ململانێ و شه‌ڕه نێوه‌وڵه‌تییه‌كان و شه‌ڕی وڵاتان له‌ناو خاكی عێراق زیاتره له ململانێ ناوخۆییه‌كان، كاتێك باس له سه‌روه‌ری عێراق ده‌كرێت، ده‌توانین بڵێین: دوای ساڵی 2003 عێراق هیچ سه‌روه‌ریه‌كی نه‌ماوه. لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه، كه ده‌بێت هه‌موو ئه‌و ململانێ و ناكۆكییانه شه‌رمه‌زار بكرێت، جا له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێكه‌وه بێت، چ له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی یان ئه‌مه‌ریكا یاخود ئێرانه‌وه بێت.
هه‌وره‌ها دووپاتیكرده‌وه، هه‌موو ئه‌و هێرشه مووشه‌كییانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌و هێرشانه‌ش كه ئه‌مه‌ریكا له‌ناو خاكی عێراق ئه‌نجامی ده‌دات، شه‌ڕی نێوان ته‌نها ئێران و ئه‌مه‌ریكایه، به‌ڵام جۆر و میكانیزمی شه‌ڕه‌كه جیاوازه و زیانه گیانییه‌كان و تێكدانی سه‌قامگیری و لێكه‌وته نه‌رێنییه‌كانیش هه‌ر به‌ته‌نها بۆ عێراقه، نه‌ك بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئێران.
حه‌شدی شه‌عبی كێیه:
سامی ئه‌تروشی له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا بۆ كوردستان24 گوتی: پێویسته بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه و پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین، ئایا حه‌شدی شه‌عبی كێیه؟ و گوتی: ئێستا هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیش به چاوێكی جیاوازتر له خه‌ڵكێكی ئاسایی سه‌یری حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن، من له‌و باوه‌ڕه‌دام، "حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مڕۆ وه‌ك سوپای پاسدارانی ئێران و پاسه‌وانی كۆماری سه‌رده‌می رژێمی پێشووی عێراقه"، به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانم بڵێم: حه‌شدی شه‌عبی بۆ پارێزگاریكردن له سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق له دوای ساڵی 2003 دامه‌زراوه.
گوتیشی: له‌كاتێكدا پێویست بوو سوپای عێراق ئه‌و رۆڵه ببینێت كه حه‌شد له‌پێناویدا دامه‌زراوه، به‌ڵام سیاسه‌تمه‌داران چ عێراقی بن یان ده‌ستی ده‌ره‌كییان له‌پشته‌وه بێت، له‌و باوه‌ڕه‌دان، كه سوپا ناتوانێت ئه‌و ئه‌ركه به‌گوێره‌ی خواستنی ئه‌وان جێبه‌جێ بكات، هه‌رچه‌ند پێشتر گرووپی له‌و شێوه‌یه هه‌بوون، به‌ڵام نه‌ك به‌ناوی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ڵام دواتر بڕیاری مه‌رجه‌عی باڵای عێراقی بۆ پێكهێنانی ئه‌و هێزه له ساڵی 2014، خۆی له‌خۆیدا مانای نه‌مانی سوپای عێراق بوو.
هه‌روه‌ها گوتی: من له‌و باوه‌ڕه‌دام بۆ له‌مه‌ودوا سوپای عێراق ده‌بێته شتێكی ره‌مزی و ته‌نها له هه‌ندێك حاڵه‌تدا به‌شداریی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام له عێراق حه‌شدی شه‌عبی ده‌بێته گورزی گه‌وره و كاریگه‌ر و بڕیاره‌كه‌ش هه‌ر له‌لایه‌ن حه‌شده‌وه ده‌درێت و ناچێته ژێر فه‌رمانی سوپا.
چاره‌نووسی عێراق له‌چوارچێوه‌ی فره‌هێزیدا:
سامی ئه‌ترۆشی جه‌ختی كرده‌وه، به‌ڕای من، هه‌رچه‌ند ئه‌جێندای جیاواز له‌پشت بڕیار و هه‌نگاوه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ن و ده‌ستكاری له‌ناو گرووپه‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك بیانه‌وێت رێك‌بخرێن، هه‌موو ئه‌و گرووپانه له‌سه‌ر كۆده‌نگی و بڕیارێكی دیاریكراو رێكده‌خرێن، ئه‌و په‌رته‌وازییه‌ی ئێستاش له‌ناویاندا هه‌یه، كه هه‌ریه‌كێك له‌و گرووپانه فه‌رمانی لایه‌نێكی دیاریكراو جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڕای من ئه‌مه دابه‌شكردنی رۆڵه‌كانه له نێوان ئه‌و گرووپانه‌دا.
سامی ئه‌ترۆشی باسی ئه‌وه‌شی كرد، له‌ساڵی 2017 یاسایه‌ك بۆ رێكخستنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ركراوه، ده‌توانێت له رێگه‌ی ئه‌و یاسایه‌وه هه‌موو سه‌روه‌رییه‌كی عێراق به‌ده‌ست خۆیه‌وه بهێنێت، به‌وه‌ی كه یاسایه و بڕیاری له‌سه‌ردراوه. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كاتێك مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه فه‌توایه‌ك ده‌ده‌ن، ته‌واوی ئه‌و گرووپانه به‌بێ جیاوازی شوێن ئه‌و فه‌توایه ده‌كه‌ون، به‌ڵام هه‌ندێك جار وا پێویست ده‌كات چه‌ند گرووپێك بۆ كاری جیاواز ته‌رخان بكرێن، بۆ نموونه وه‌ك: "گرووپه‌كانی حزبوڵڵا یانیش سه‌یدول شوهه‌داء" و مه‌رج نییه له هه‌ندێك حاڵه‌تدا ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره بێت، كه سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له به‌غداوه ده‌یده‌ن.
ئامانجی هێرشی گرووپه میلیشیاكان بۆ سه‌ر هه‌ولێر:
سه‌باره‌ت به ئامانجی هێرشیكانی سه‌ر هه‌ولێریش، ئه‌و چاودێره سیاسییه گوتی: به‌ڕای من سه‌ركردایه‌تی كورد باش له‌وه تێگه‌یشتووه كه ئامانجی ئه‌و هێرشانه چییه و بۆچی ئه‌و هێرشانه ده‌كرێن. ده‌توانم بڵێم: ئه‌وانه‌ی ئه‌و هێرشانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، چه‌ند گرووپێكن نه‌ك حه‌شدی شه‌عبی به گشتی، چونكه هه‌رچه‌ند به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئه‌و هێرشانه نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام تا ئێستا هیچ لایه‌نێكیان به فه‌رمی به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشانه رانه‌گه‌یاندووه، بۆیه من له‌و باوه‌ڕه‌دام، كوردستان زۆر به‌باشی له‌وه تێگه‌یشتووه، كه هه‌ندێك گرووپ به‌كارده‌هێنرێن بۆ ئه‌و هێرشه مووشه‌كییانه و هێرشی درۆنه‌كان.
هه‌وره‌ها گوتی: ئه‌و گرووپانه‌ی هێرشه‌كانیان له رێگه‌ی درۆنه‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ده‌توانن به وردی ئامانجه‌كانیان بپێكن، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی ئه‌و درۆنانه‌وه په‌یامێك به خودی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكیش بده‌ن، كه خاوه‌نی ئه‌و توانایه‌ن و ده‌توانن ئه‌و جۆره هێرشانه ئه‌نجام بده‌ن.
هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له كوێی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی هێرشه مووشه‌كییه‌كاندایه؟
سامی ئه‌تروشی گوتیشی، ئه‌مه‌ریكا جددی نییه بۆ له‌ناوبردنی حه‌شدی شه‌عبی، حه‌شدی شه‌عبی چۆن له رێگه‌ی هێرشه‌كانییه‌وه چه‌ند په‌یامێك به ئه‌مه‌ریكا ده‌دات، ئه‌مه‌ریكاش به هه‌مان شێوه له‌ڕێگه‌ی هێرشه‌كانییه‌وه ته‌نیا ده‌یه‌وێت په‌یامێك به ئێران و حه‌شدی شه‌عبی بدات، به‌ڵام وه‌ك بڕیار، ئه‌مه‌ریكا هیچ نیازێكی بۆ له‌ناوبردنی حه‌شدی شه‌عبی نییه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستێكی له‌م شێوه‌یه‌یی به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی هه‌بوایه، ده‌یتوانی له ساڵی 2017 رێگری له ده‌ركردنی یاسای حه‌شدی شه‌عبی بكات. ئێستا حه‌شدی شه‌عبی بووه‌ته ئه‌مری واقع و ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش دانی پێدا بنێن، به‌ڵام پێویسته شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان به قازانج بۆ هه‌موو لایه‌ك بشكێته‌وه، بۆیه ده‌بێت هه‌رێمی كوردستانیش به وریایی مامه‌ڵه بكات، ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌و دوژمنكاریانه‌ش كه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، پێویسته هه‌رێم حه‌كیمانه بڕیار بدات و هه‌نگاو بنێت.
H.B