پێنتاگۆن: هەموو کارێك دەکەین بۆ پاراستنی سەرباز و بەرژوەندییەکانمان لە سووریا و عێراق
جۆن كێربی: پلانی داهاتوومان له میدیا ئاشكرا ناكهین، بەڵام هەموو کارێك دەکەین، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی خەڵك و سەرباز و بنکە و بەرژوەندییەکانمان سەلامەت دەبن

K24- ههولێر:
جۆن کێربی، گوتەبێژی وهزارهتی بهرگری ئهمهریكا "پێنتاگۆن" لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی میلیشیا شیعەکان و هێرش بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمهریکا و پلانی داهاتوویان دەڵێت: پلانی سەربازی خۆمان بۆ میدیاکان ئاشکرا ناکەین، بەڵام بەگوێرەی دەستوور سەرۆکی ئەمهریکا بەرپرسیارێتی پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمهریکی لەئەستۆیە و هەرکات پێویست بکات، دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت.
گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشكرد، لە بەرژەوەندی هیچ لایەك نیە دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت.
له درێژهی گوتهكانیدا كێربی گوتی: "هێرشەکانی کۆتایی هەفتەی رابردوو لە عێراق و سووریا ئامانج لێیان لەناوبردنی هەڕەشە و بەرگریکردن بووە لە خۆمان، بۆئەوەی جارێکی دیکە و له داهاتوو هێرش نەکرێتەوە سەرمان".
دووپاتیشی كردهوه، "هیچ کەسێك بەرژوەندی لەوەدا نیە لە عێراق و سووریا دۆخەکە خراپتر تێکبچێت. سەربازەکانی ئێمە لەسەر داواكاری و بانگهێشتی فەرمی عێراق لەو وڵاتهن بۆ شەڕی دژ بە داعش، کە تا ئێستاش بەردەوامە. ئەرکی ئێمە پشتیوانی و هاوکاریکردنی خەڵکی عێراقە و لەهەمانکاتدا پاراستنی سەرباز و بەرژوەندییەکانمانە لەو ناوچەیە".
ههروهها گوتی: "هیچکات لە بەرژەوەندی ئێمە نیە دۆخەكه بە گشتی ئاڵۆز بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە، بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان و بنکە سەربازییەکانیشمان، هەر لەم سۆنگەیەوە سەرۆکی ئەمهریکا بڕیاری هێرشی بۆسەر میلیشیاکان داوە".
ئاشكراشیكرد، "کۆشکی سپی وردەکاری هێرشەکان دەداته کۆنگرێس و سەرۆکی ئەمهریکاش بە گوێرەی ماددەی 2ی دەستووری ئەمهریکا بڕیاری هێرشی داوە".
لهبارهی پلانی داهاتووشیانهوه گوتەبێژی وهزارهتی بهرگری ئهمهریكا گوتی: "من ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە لەبارەی جووڵە سەربازەکانمان و پلانەکانیان بۆ داهاتوو لە عێراق و سووریا، وەك دەزانن ئێمە ئەو بابەتانە لە میدیا باس ناکەین، بەڵام هەموو کارێك دەکەین، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی خەڵك و سەرباز و بنکە و بەرژوەندییەکانیشمان سەلامەت دەبن".
H.B