ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر كوژرانی گه‌نجێك له‌ به‌ندیخانه‌كانی په‌یه‌ده‌ هاته‌ ده‌نگ

كه‌سوكاره‌كه‌ی وێنه‌كه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن: له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی ئاسایشی په‌یه‌ده‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌

ئه‌مین عیسا، ئه‌و گه‌نجه‌ی له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی ئاسایشی په‌یه‌ده‌ گیانی له‌ده‌ستدا
ئه‌مین عیسا، ئه‌و گه‌نجه‌ی له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی ئاسایشی په‌یه‌ده‌ گیانی له‌ده‌ستدا

K24 - هه‌ولێر:

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا، له‌ باره‌ی كوژرانی گه‌نجێك له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانی په‌یه‌ده‌ له‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان، نیگه‌رانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و داوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شه‌فاف له‌ كوژرانی ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌كات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ریكا له‌و رووداوه‌ نیگه‌رانه‌ و داوا ده‌كه‌ن لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شه‌فافانه‌ له‌ كه‌یسه‌كه‌ بكرێت و هه‌ر كه‌سێكیش به‌رپرس بێت له‌ ده‌ستدرێژیكردن و خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركراوان، به‌ توندترین شێوه‌ سزا بدرێت.

ئه‌مین عیسا، گه‌نجێكی شاری قامیشلۆی سه‌ر به‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌یه‌‌، به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی سیاسی، له‌لایه‌ن ئاسایشی په‌یه‌ده‌ ده‌ستگیركراوه‌، دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ به‌ندیخانه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، كه‌سێكی نزیكی ئه‌و گه‌نجه‌، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریایه‌، بۆیه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌ستگیركردن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی كوڕه‌كه‌یان تا مردن، به‌ هۆكارێكی سیاسی ده‌زانن.

كه‌سوكاره‌كه‌شی ئاسایشی په‌یه‌ده‌ به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی كوڕه‌كه‌یان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه‌ی قورس به‌ جه‌سته‌ی (ئه‌مین)ـه‌وه‌ دیاره‌ و خوێن له‌ ده‌می هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

ته‌رمی ئه‌مین عیسا، شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه‌ی پێوه‌ دیاره‌
ته‌رمی ئه‌مین عیسا، شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه‌ی پێوه‌ دیاره‌

 

Fly Erbil Advertisment