دوو ڕۆژه‌ بووه‌ به‌ ڕێبه‌ر وێنه‌كه‌ی هه‌رای ناوه‌ته‌وه‌

هه‌یبه‌توڵڵا ئاخوندزاده‌ جیاواز له‌ رابه‌ره‌كانی پێش خۆی ده‌رده‌كه‌وێ

هه‌ولێر - K24

بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرای ڕێبه‌ری نوێی بزووتنه‌وه‌ی تالیبان له‌ ئه‌فغانستان بووه‌ته‌ جێگای پرسیاری خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ و دوای دوو ڕۆژ له‌ ڕاگه‌یاندنی دانانی مه‌لا هه‌یبه‌توڵڵا خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌.هۆكاری سه‌ره‌كیش وێنه‌ی ڕێبه‌ری نوێیه‌ به‌ڕوونی و به‌بێ هیچ ڕتووشێك جیاواز له‌ ڕێبه‌رانی پێشووی بزووتنه‌وه‌كه،هه‌ر بۆیه‌ سه‌رنجی چاودێرانی به‌لای خۆیدا ڕاكێشاوه‌.

جیاوازییه‌كه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ ‌به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌لا ئه‌خته‌ر مه‌نسور ڕێبه‌ری پێشووی تالیبان و مه‌لا عومه‌ری ڕێبه‌ری پێشووتری ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌،وێنه‌ی هه‌یبه‌توڵڵا به‌ ڕوونی له‌سه‌ر باكگراوندێكی كراوه‌ دانراوه‌ و به‌ كوالیتییه‌كی به‌رز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌،ئه‌مه‌ش به‌لای چاودێرانی گروپه‌ ئیسلامییه‌كان جێگای تێڕامانه‌ و ئه‌م شه‌فافیه‌ته‌یان به‌لاوه‌ سه‌یره‌.

یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ڕاگه‌یاندنی تالیبان ڕایگه‌یاندووه‌،وێنه‌كه‌ 12 ساڵ پێش ئێستا له‌وكاته‌ی بۆ حه‌ج چووه‌ته‌ مه‌كه‌ گیراوه‌،به‌ڵام ئێستا پیاوێكی به‌ته‌مه‌نی سپی پۆشه‌ و به‌هۆكاری ئه‌منی وێنه‌ی نوێی ناوبراو بڵاوناكرێته‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زه‌بیحوڵڵا موجاهید گوته‌بێژ به‌ناوی تالیبان ڕایگه‌یاندووه‌،تالیبان نیه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی ڕێبه‌ره‌ نوێیه‌كه‌یان نیه‌ و ئه‌م وێنه‌یه‌شیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بینیوه‌ و دڵنیانین له‌وه‌ی ڕاسته‌ یان نا و ئاگاداری ئه‌وه‌نین كێ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌.

شاره‌زایه‌كی پاكستانیش به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووه‌ ڕێبه‌ری نوێ ڕێگه‌ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ نادات و یه‌كێكه‌ له‌ زانا ئاینییه‌كان.

ڕوونی وێنه‌كه‌ وای له‌هه‌ندێك له‌ چاودێران كردووه‌ گومانی ئه‌وه‌ بكه‌ن یه‌كێك له‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان له‌پشت بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كه‌وه‌‌ بن و له‌وه‌ ده‌چێت له‌ ئه‌رشیفی ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری ده‌رچوبێت.

بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌  له‌سه‌رده‌می حوكمی تالیبان له‌نێوان ساڵه‌كانی 1996 تا 2001 سه‌رجه‌م ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان یاساغ كرابوون به‌بیانووی ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئایینی ئیسلامه‌.

Fly Erbil Advertisment