سه‌ربه‌ست مه‌نمى: هه‌ولێر هه‌ڕه‌شه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی به جدی وه‌رگرتووه
پێویسته ته‌واوى هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كان له باشووری كوردستان له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه كه‌مته‌رخه‌م نه‌بن

K24 – هه‌ولێر:
سه‌باره‌ت به هه‌ڕه‌شه‌ى میلیشاكان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، سه‌ربه‌ست مه‌نمى چاودێری سیاسی بۆ كوردستان24، رایگه‌یاند، حه‌شدى شه‌عبی مه‌ترسییه بۆ سه‌ر كۆى پڕۆسه‌ى سیاسی له عێراق، به به‌غداى پایته‌ختیشه‌وه، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى میلیشیاكان فۆكسێكى زۆریان خستووه‌ته سه‌ر هه‌ولێر، ئه‌وان ئارامى و سه‌قامگیری هه‌رێمى كوردستان، به مه‌ترسییه‌كى گه‌وره ده‌زانن.
ئه‌و چاودێره سیاسییه گوتی: هه‌ولێر هه‌ڕه‌شه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی به جدی وه‌رگرتووه، چونكه ئه‌و هێزه میلیشیایه، توانیوویه‌تى ببێته مه‌ترسییه‌كى گه‌وره بۆ سه‌ر ته‌واوى پڕۆسه‌ى سیاسی له عێراق.
ئه‌وه‌شى گوت: ئه‌وه‌نده‌ى حه‌شدى شه‌عبی له به‌غدا باڵاده‌سته، هێنده حكومه‌تى عێراق باڵا ده‌ست نیه، هه‌ژموونى حه‌شدى شه‌عبی گه‌یشتووه‌ته نێو دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت، كه زه‌نگێكى مه‌ترسیداره بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، پێویسته ته‌واوى هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كان له باشووری كوردستان، له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه، كه‌مته‌رخه‌م نه‌بن.
سه‌ربه‌ست مه‌نمى روونیشیكرده‌وه، به حوكمى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان سه‌قامگیر و ئارامه، حه‌شدى شه‌عبی له رێگه‌ى درۆنه‌كانه‌وه مه‌ترسیان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دروستكردووه، لێره‌وه گرنگه نێو ماڵى كورد یه‌كڕیز بێت، لایه‌نه‌كانى سیاسی، مه‌ترسییه‌كان به‌هه‌ند وه‌ربگرن.
ئاماژهشیپێدا، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، په‌رله‌مان و هێزى پێشمه‌رگه، له ئاماده‌باشیدان، ته‌واوى پێكهاته ئه‌منییه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌كانیان به‌جدى وه‌رگرتووه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئێران رۆڵێكى به‌رچاوى به حه‌شدى شه‌عبی داوه له عێراق، جگه له چه‌كى درۆن، ره‌نگه له داهاتوودا چه‌كى مه‌ترسیدارتریش بگاته ده‌ستى حه‌شدى شه‌عبی و به‌كاریشی بهێنن.
هه‌روه‌ها گوتى: هێرشه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی بۆ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌خت، په‌یوه‌ندى به‌و گه‌شه‌سه‌ندنه ئابوورى و سیاسییه‌وه هه‌یه، كه له هه‌ولێر و ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت.
ك.ب