به‌وێنه‌.. عێراق شكست به‌ هێرشێكی 10 مووشه‌كی بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا ده‌هێنێت

مووشه‌كه‌كان بۆ به‌ئامانجكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا ئاماده‌ كرابوون

ئه‌و 10 مووشه‌كه‌ی له‌ رۆژئاوای به‌غدا بۆ به‌ئامانجكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌و شاره‌ ئاماده‌ كرابوون
ئه‌و 10 مووشه‌كه‌ی له‌ رۆژئاوای به‌غدا بۆ به‌ئامانجكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌و شاره‌ ئاماده‌ كرابوون

K24- هه‌ولێر:

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقی رایانگه‌یاند، شكستیان به‌ هێرشێكی مووشه‌كیی جۆری گراد بۆ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا هێناوه‌.

به‌گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئه‌منییانه‌، 10 مووشه‌كی جۆری گراد له‌ گه‌ڕه‌كی جیهادی رۆژئاوای به‌غدا دۆزراونه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆ به‌ئامانجكردنی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا ئاماده‌ كرابوون.

سه‌ره‌تا شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی رایگه‌یاند، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان 8 مووشه‌كیان له‌ ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازیی له‌ رۆژئاوای به‌غدا كۆنترۆڵ كردووه‌، كه‌ بۆ لێدانی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا ئاماده‌ كرابوون، به‌ڵام دواتر پشتڕاستی كرده‌وه‌، ئه‌و مووشه‌كانه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ كرابوون، ژماره‌یان 10 مووشه‌ك بووه‌.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ كوردستان24 چه‌ند وێنه‌یه‌كی ده‌ستكه‌وتووه‌، له‌ دیمه‌نه‌كانیدا وێنه‌ی 10 مووشه‌ك دیاره‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیش دووپاتی كرده‌وه‌، ئه‌و مووشه‌كانه‌ به‌ ئاراسته‌ی فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا ئاماده‌ كرابوون.

له‌كاتێكیشدا ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا جێگیركراون، كه‌ له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش پشتیوانی و راوێژ به‌ هێرزه‌ عێراقییه‌كان ده‌ده‌ن، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌ میدیا عێراقییه‌كانیان راگه‌یاندووه‌، ئه‌و مووشه‌كانه‌ بۆ به‌ئامانجكردنی دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا ئاماده‌ كرابوون.

یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كانیش به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند زانیارییه‌كی ورد، توانی شكست به‌و هێرشه‌ بهێنێت.

تا ئێستا حكومه‌تی عێراق په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌و كاره‌ی بۆ هیچ لایه‌نێك درێژ نه‌كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك میدیا عێراقییه‌كان ئاماژه‌یان پێدا، گومانلێكراوێك ده‌ستگیركراوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكییه‌كان گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران به‌ هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌ عێراق تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

پێشتریش چه‌ندین جار هه‌ندێك له‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان به‌رپرسیارێتی خۆیان له‌ ئه‌نجامدانی هێرشی هاوشێوه‌ نیشانداوه، كه‌ به‌ گوته‌ی به‌رپرسانی عێراقی و ئه‌مه‌ریكی، ئه‌و گرووپانه‌ فه‌رمان له‌ تاران وه‌رده‌گرن‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتریش چه‌ندین جار فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا و ناوچه‌ی سه‌وزی ئه‌و شاره‌ و چه‌ندین شوێنی دیكه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق، كه‌ به‌ بنكه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناسراون، به‌ مووشه‌ك كراونه‌ته‌ ئامانج.

H.B