ئاری هه‌رسین: ده‌بێت هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیاكانی عێراق به جددی وه‌ربگیرێت
"خاڵی هاوبه‌شی میلیشیاكان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش ئه‌ویه، كه دژی ئێمه‌ن"

K24 – هه‌ولێر:
ئاری هه‌رسین، په‌رله‌مانتاری پێشووی كوردستان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له سلێمانی له میانه‌ی به‌شداریكردنی ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیاكانی عێراق ده‌بێت به جددی وه‌ربگیرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیوه‌ی خاكی كوردستان به‌ده‌ست ئه‌و میلیشیایانه‌وه‌یه و ئه‌وانه خاڵی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش ئه‌ویه، كه دژی ئێمه‌ن، ئه‌گه‌ر رێگری له‌مه نه‌كرێت؛ ده‌بێت فاتیحه بۆ داهاتووی عێراق بخوێندرێت.
ئاری هه‌رسین گوتی: "هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیاكانی عێراق ده‌بێت به جددی وه‌ربگیرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیوه‌ی خاكی كوردستان له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه له شنگال تا خانه‌قین به‌ده‌ست ئه‌و میلیشیایانه‌وه‌یه، ده‌بێت هاوپه‌یمانان به تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا هه‌ست به‌و مه‌ترسییه بكه‌ن، هه‌ر وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌ت فه‌رمووی ته‌نیا سه‌ركۆنه‌كردن به‌س نییه، بۆیه پێویسته په‌رچه‌كردار هه‌بێت، ئه‌مه یه‌كه‌م جار و دووه‌م جار نییه، به‌رده‌وام ئه‌مه رووده‌دات، ده‌بێت هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیاكان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن و وه‌ڵامی توندیشمان هه‌بێت".
سه‌باره‌ت به هه‌ڕه‌شی ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌گه‌ری كشانه‌وه گوتیشی: "كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جیاوازی ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ئه‌فغانستان رووده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جوگرافیای سیاسی عێرق و ئه‌م ناوچه‌یه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جگه له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئاسایشی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه، شوێنێكی زۆر ستراتیجیی ئابووریشه، پێویسته ئه‌مه‌ریكییه‌كان له كاردانه‌وه‌دا زیاتر ده‌ستكراوه بن، ده‌بێت ته‌كنه‌لۆژیای به‌رگری لێره كار پێبكه‌ن، ئه‌گه‌ر خۆیان ئه‌وه ناكه‌ن، پێویسته پشتیوانی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بكه‌ن، ته‌كنه‌لۆژیای دژه مووشه‌ك بخه‌نه به‌رده‌ست كادیره‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌كاربهێنن".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی ئاشكرای كرد، چه‌كدارانی داعش و میلیشیاكانیش هه‌رێمی كوردستان وه‌كو دوژمن سه‌یر ده‌كه‌ن، خاڵی هاوبه‌شیان ئه‌وه‌یه، كه دژی ئێمه‌ن، كاتێك سه‌رنج ده‌ده‌ینه میلیشیاكان، ده‌بێت بپرسین كێیه هاوكاریی چه‌ك و جبه‌خانه‌كانیان ده‌كات، بۆیه ده‌بێت هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه قسه بكه‌ن، حه‌شدی شه‌عبی سوپایه‌كی رێكخراو نییه، خه‌ڵكی راهێنراو نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له پشتی ئه‌وانه‌وه‌یه، وایكردووه كار له‌سه‌ر لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، بۆیه دڵنیام له‌وه‌ی هاوكاری ژێربه‌ژێر له نێوان میلیشیاكانی عێراق و چه‌كدارانی داعش هه‌یه.
ئاشكراشی كرد، ئێمه وه‌كو پارتی هه‌میشه له‌گه‌ڵ بۆچوونی ئاشتین، بۆیه ئه‌وه‌ی له دانووستانه‌كانی ڤیه‌ننا چاوڕوان ده‌كرێت، بگه‌نه ئه‌نجامێك و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پشوویه‌ك وه‌ربگرێت، به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر ئێران بیه‌وێت سزاكانی له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت و ئابڵووقه ئابوورییه‌كه له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران سووك بكرێت، ئه‌وا هه‌رگیز ناسه‌قامگیری له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێران نییه، به دڵنییایه‌وه به‌شێك له‌و كرده توندوتیژییانه‌ی له عێراق ده‌كرێت، به‌شێكی به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه دانووستان له ڤیه‌ننا ده‌كرێت.
له‌باره‌ی داهاتووی میلیشیاكان دوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق "ئاری هه‌رسین" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، میلیشیاكانی عێراق ئێستا ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقدا هه‌یه و حكومه‌ته‌كه‌یان لاواز كردووه، ئه‌و میلیشیایانه هه‌رچییه‌كیان بووێت، ده‌یكه‌ن، بۆیه زۆر گرنگه سوننه‌كان و ئه‌و برایانه‌ی شیعه كه میانڕه‌ون، له‌گه‌ڵ كورد به‌یه‌كه‌وه به‌ره‌یه‌كی وا پێكبهێنن، كه ئه‌و مه‌ترسییه‌ی له‌داهاتووی عێراق هه‌یه، جێبه‌جێ نه‌كرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێویسته هاوپه‌یمانان و یه‌كێتی ئه‌وروپاش رۆڵی خۆیان ببینن، له رێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماسییه‌كانی خۆیانه‌وه له ناوچه‌كه رێگری له ته‌شه‌نه‌كردنی هێزه میلیشیاكانی عێراق بگیرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كرێت؛ ده‌بێت فاتیحه بۆ عێراق بخوێندرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕواناكه‌م بوارێكی وا بمێنێته‌وه، كه باسی پێكه‌وه‌ژیان بكرێت، ئێمه ده‌بێت ئه‌و كات حیسابێكی خۆمان بكه‌ین.
د.ی