رۆژنامه‌یه‌ك باس له جه‌نگێكی ئه‌هلی بێده‌نگ له عێراق ده‌كات
رۆژنامه‌ی هائارتس: تاران له هه‌وڵه‌كانی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی له جیهانی عه‌ره‌بی و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رازی نییه

K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "هائارتس" له راپۆرتێكی شرۆڤه‌كاریدا ئاماژه‌ی به بوونی جه‌نگێكی ئه‌هلی بێده‌نگ له عێراق كرد و دووپاتیكرده‌وه، له به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی عێراق بۆ رزگاربوونی له "قه‌فه‌زی ئێرانی"، تاران هه‌وڵه‌كانی بۆ كاریگه‌ریكردن له نوخبه "ده‌سته‌بژێر"ی سیاسی به‌ر له به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان چڕ كردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی له‌و وڵاته به‌هێزتر بكات.
ئه‌و رۆژنامه ئیسرائیلییه باسی ئه‌وه‌ی كردووه، تاران له هه‌وڵه‌كانی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی له جیهانی عه‌ره‌بی و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رازی نییه.
له‌كاتێكیشدا ئیهاب وه‌زنی، چالاكوانی دیاری عێراقی و زیاتر له 30 چالاكوانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته له ساڵی 2019ـه‌وه تا ئیستا ناویان چووه‌ته لیستی چالاكوانه تیرۆركراوه‌كان له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه و خاڵی هاوبه‌شی نێوان ئه‌و چالاكوانانه ئه‌وه بوو، كه سه‌رجه‌میان رۆڵێكی كارایان له خۆپیشاندانه‌كانی دژ به حكومه‌تی عێراقییان هه‌بوو، ئه‌و رۆژنامه‌یه جه‌خت ده‌كاته‌وه، "بكوژانی ئه‌و چالاكوانانه هه‌ر به‌ڕاستی كه‌سانی نه‌ناسراو نین، به‌ڵكو كۆمه‌ڵه چه‌كدارێكی سه‌ر به‌و میلیشیایانه‌ن، كه فه‌رمان له تاران وه‌رده‌گرن، یانیش سه‌ر گروپه میلیشیاكانی حزبه گه‌وره‌كانی عێراقن".
له شرۆڤه‌كه‌یدا هائارتس باسی ئه‌وه‌ی كردووه، "له سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانی 2019ـه‌وه، جه‌نگێكی ئه‌هلی بێده‌نگ له عێراق ده‌گوزه‌رێت و ره‌گه‌زه‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ش خۆی له بێسه‌روشوێنكردن، رفاندن و نمایشی سه‌ربازی گرووپه میلیشیاكان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌بینێته‌وه" و وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه، "دوای بوونی ئیبراهیم ره‌ئیسیی "توندڕه‌و" به سه‌رۆك كۆماری ئێران، گرژی و هه‌ڵچوونه‌كانی شه‌قامی عێراقیش رووی له زیادبوون كردووه".
رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی: ئه‌و دۆخه‌ی ئێستای عێراق له‌كاتێكدایه، كه ئێران به‌م دواییانه ئاو و كاره‌بای له‌سه‌ر چه‌ند شارێكی وه‌ك به‌سره و پارێزگاكانی دیكه‌ی باشووری عێراق بڕیوه، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كانی ئێران له‌سه‌ر عێراق، كه به زیاتر له 4 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێن.
رۆژنامه ئیسرائیلییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "تاران ئه‌و قه‌رزانه‌ی وه‌ك كارتی فشار به‌رامبه‌ر به عێراق به‌كارهێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونه دیپلۆماسیه‌كه‌ی له‌و وڵاته به‌هێزتر بكات و بیكات به په‌یامێكی روون و ئاشكرا بۆ به‌غدا، كه ئه‌گه‌ر عێراق هه‌وڵ بدات خۆی له "قه‌فه‌زی ئێران" رزگار بكات و بگه‌ڕێته‌وه باوه‌شی هه‌ردوو جیهانی عه‌ره‌بی و رۆژئاوا، به‌تایبه‌تیش ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وا ناتوانێت له ژیاندا بمێنێته‌وه".
راپۆرته‌كه روننیشیكردووه‌ته‌وه، عێراق نه‌یتوانیوه ئه‌و قه‌رزانه‌ی ئێران بداته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و سزایانه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئێرانی‌دا سه‌پاندوون و هه‌روه‌ها به‌هۆی خراپی دۆخی ئابووری كه له ئه‌نجامی دابه‌زینی نرخی نه‌وت به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی كۆرۆناوه هاتبووه ئاراوه، به‌تایبه‌ت كه عێراق گه‌وره‌ترین قه‌باره‌ی بودجه‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی داهاتی نه‌وته‌وه دابین ده‌كات.
ئێستاش له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما بۆ 52 پله‌ی سه‌دی و نه‌بوونی كاره‌با، خه‌ڵكی عێراق به دۆخێكی ئاگریندا گوزه‌ر ده‌كات و وه‌ك رۆژنامه ئیسرائیلییه‌كه ئاماژه‌ی پێداوه، بۆیه له‌و دۆخه‌ی كه‌شوهه‌وادا ئێران كاره‌بای له‌سه‌ر عێراق بڕیوه، تاوه‌كو سازش به‌عێراق بكات و وه‌ك كارتێكی فشار به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی به‌غدا به‌كاری بهێنێت، كه جێگای ره‌زامه‌ندی تاران نین.
H.B