گەرما ژیانی دانیشتووانی عێراقی سەخت کردووە

به‌هۆی قه‌رزه‌وه‌ ئێران كاره‌بای له‌ عێراق بڕی

عێراق بێ كاره‌بایه‌
عێراق بێ كاره‌بایه‌

K24- هه‌ولێر:

ئێستا کێشەی کارەبا، بووەتە خەمی سەرەکی عێراقییەکان، لەم گەرما تاقەت پڕوکێنەی وەرزی هاویندا، لە بێ کارەباییدا ژیانی رۆژانەی سەخت بەرێدەکەن.

لە دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌ دەستەڵاتدارانی عێراق، نەیانتوانیووە کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن، چەندین وەزیری کارەبا لە حکومەتەکانی پێشوو دەستییان لەکارکێشاوەتەوە، یان دوورخراونەتەوە، دواهەمینییان "ماجد مەهدی حەنوش"، وەزیری کارەبای ئێستایە، کە هەفتەی رابردوو دەستی لەکارکێشایەوە.

سەرباری نەبوونی کارەبا، گەرمایەکی تاقەت پڕوکێنەر رووی لە عێراق کردووە، لە زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، پلەکانی گەرما تا 52 پلەی سیلیزی تۆمارکراوە. عێراقییەکان لە دۆخێکی سەختدا ژیانی رۆژانە لە بێ کارەبایی و گەرمادا بەسەردەبەن.

عەبدوڵڵا ئەحمەد، كه‌ فرۆشیاری دەستگێڕه‌ لە بەسرە گوتی: "زۆر هیلاك بووین، چیتر بەرگە ناگرین، رۆژێك بەهۆی گەرماوە کەوتم و بوورامەوە، کارەبا نییە و موەلیدەکانیش زوو زوو تێکدەچن".

قاسم عەسکەری، دانیشتووی ناسرییەیه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "ئێمە لە ساڵی 2021 داین، کەچی کارەبا لە عێراق نییە، لە کاتێکدا پلەی گەرمی 50 پلەی تێپەڕاندووە، منداڵی ساوا و کەسانی بەتەمەن بەهۆی گەرماوە مردوون".

گەرمای بەتین و نەبوونی کارەبای نیشتمانی، زیانی زۆری بە کاسبکاران گەیاندووە، ئەو ماددە خۆراکییانەی لەناو مارکێتەکاندان، ئەگەر لەژێر پلەی گەرمی گونجاودا نەبن، زوو لەناودەچن.

مورتەزا عەباس، خاوەن فرۆشگا لە بەغدا ئاشكرای كرد، "بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، زۆرێك لە کاڵاکان لەناودەچن، بە تایبەت ئەو ماددانەی لەناو ساردکەرەوە دادەنرێن، لە گۆشت و خۆراك و بەرهەمە سپیاییەکان".

عێراق 6 ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە، بۆیە هاوردەکردنی وزە و گازی سروشتی راگرتووە، تەزووی کارەباشی لەسەر ئەو هێڵانە بڕیووە، کە کارەبا بۆ چەند پارێزگایەکی سنووری دابین دەکەن، هاوکات بە ئامانجگرتنی تاوەرەکانی کارەباش، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبا لە عێراق.

د.ی

Fly Erbil Advertisment