كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ناو و ژماره‌ى كاندیده‌كانى به‌شداربوو بڵاو دەكاته‌وه
كاندیده‌كان داواى ژماره‌ى جوان ده‌كه‌ن و به‌شێكیش له كاندیده‌كان له‌لایه‌ن گرووپ و لایه‌نه جیاوازه‌كانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه

K24 – هه‌ولێر:
كوردستان24، له رێگه‌ى ئینفۆگرافیكێك ورده‌كاری له‌باره‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌خاته‌ڕوو، كه بڕیاره له مانگی 10ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت و له‌م هه‌فته‌یه‌شدا، كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، ناو و ژماره‌ى كاندیده به‌شداربووه‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، هاوشێوه‌ى ژماره‌ى ئۆتۆمبێل و مۆبایل لە عێراق، كاندیده‌كان داواى ژماره‌ى جوان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاتى بڵاوكردنه‌وه‌ى، بۆ ده‌نگده‌ر ئاسان بێت و له‌بیری نه‌کات.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ناوى (155) كاندیدى به هۆكارى چه‌كدارى و خانه‌نشینبوون، له لیستى تۆماره‌كاندا سڕیوه‌ته‌وه، کە مه‌رجى به‌شداربوونى هه‌ر كاندیدێك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، نابێت پله‌ى سه‌ربازى هه‌بێت و یاخود نابێت خانه‌نشین بێت.
زانیاریه‌یكان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا، كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناوی (20) كاندید بەهۆی تاوانباربوونیان لە دادگاکان، بڕیاری دوور خسته‌وه‌یان له پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن داوه، (103) کاندیدیش هه‌ر خۆیان بڕیاڕیان داوه به‌شدارى ئه‌م پڕۆسه نه‌كه‌ن، كه به‌شێكیان له‌لایه‌ن گرووپ و لایه‌نى جیاواز، هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش كراوه، (44) هاوپه‌یمانى به‌شدارى له هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا ده‌كه‌ن، له‌چوارچێوه‌ى به‌شدارىكردنی (267) پارتى سیاسی جیاواز، كه به رێژه‌ى (%25) ئافره‌ت به‌شدارى ئه‌م پڕۆسه‌یه ده‌كه‌ن.
راشیگه‌یاند، له (7)ى ئه‌م مانگه، ژماره‌كان ده‌درێنه كاندیده‌كان، كاتێك (24) ملیۆن عێراقى مافى ده‌نگدانیان هه‌یه، له‌چوارچێوه‌ى (83) بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن، بۆ (239) كورسی ركابه‌رى ده‌كه‌ن، كه (9) كورسیان بۆ ژماره كۆتاكانه.
روونیشكراوه‌ته‌وه، بڕى (300) ملیۆن دۆلار، پێویستە بۆ خه‌رجى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، وێڕاى ئه‌وه‌ش، (70) هه‌زار و (704) ئامێر، بۆ جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان پێویستن.
سه‌باره‌ت به به‌شدارى هه‌رێمى كوردستانیش رایگەند، پارێزگاى دهۆك له‌سه‌ر (3) بازنه‌یه، هه‌ولێریش (4)بازنه، سلێمانیش (5) بازنه، به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنەران ده‌كه‌ن، كه كورد هیواخوازه، (40) كورسى خۆی مسۆگه‌ر بكات.
ك.ب
له‌م ئینفۆگرافیكه‌دا ئیمان ده‌رباس ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌خاته‌ڕوو: