هیندستان.. له‌ جیاتی ڤاكسین نزیكه‌ی 2 هه‌زار و 500 كه‌س ئاویان پێدراوه‌

ژماره‌یه‌ك پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی به‌ تۆمه‌تی ساخته‌كاری ده‌ستگیركراون

پڕۆسه‌ی كوتان به‌ ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ هیندستان
پڕۆسه‌ی كوتان به‌ ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ هیندستان

K24 - هه‌ولێر:

تۆڕی "سی ئێن ئێن" بڵاویكرده‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی هیندستان ژماره‌یه‌ك پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستیان ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ تۆمه‌تباركراون به‌ پێدانی ژه‌می ساخته‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا به‌خه‌ڵك.

ده‌سه‌ڵاتداران ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، نزیكه‌ی 2 هه‌زار و 500 كه‌س له‌ ده‌وروبه‌ری شاری "مۆمبای"ی هیندستان به‌ناوی ڤاكسینی كۆرۆنا، ئاویان پێدراوه‌، كه‌ ئاوه‌كه‌ بۆ به‌كارهێنان و تێكه‌ڵاوكردنی ده‌رمان و خاونێكردنه‌وه‌ی برینیش به‌كاردێت.

فیشال ساكور، به‌رپرسی ئیداره‌ی پۆلیسی "مۆمبای" گوتی: "بەلایەنی کەمەوە 12 هەڵمەتی کوتانی ساختە لە دەوروبەری مۆمبای رێکخرابوون، تیمه‌كان ئاویان له‌ ده‌رزی كردووه‌ و له‌ خه‌ڵكیان داوه‌، له‌ هه‌موو بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان ڤاكسینی ساخته‌یان له‌ خه‌ڵك داوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌رپرسه‌كانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ساخته‌یه‌، بڕێك پاره‌یان له‌ خه‌ڵك وه‌رگرتووه‌، به‌رامبه‌ر به‌و ڤاكسینه‌ ساخته‌یه‌، كه‌ كۆی گشتی ئه‌و بڕیه‌ پاره‌یه‌ی وه‌ریانگرتووه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 28 هه‌زار دۆلار.

به‌رپرسه‌كه‌ی پۆلیس ئاشكرای كرد، 14 كه‌س به‌ تۆمه‌تی "ساخته‌كاری" و "كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست" ده‌ستگیركراون، به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان، ره‌نگه‌ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ش ده‌ستگیر بكرێن.

له‌ مانگی نیسان تا حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ هیندستان رووبه‌ڕووی شه‌پۆڵی دووه‌می كۆرۆنا بووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌پێی دوایی ئامار له‌و وڵاته‌دا 30 ملیۆن و 600 هه‌زار كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و زیاتر له‌ 403  هه‌زار كه‌سیش به‌هۆی په‌تاكه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

 

د.ی