نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاوکردەوە

"ئەو جۆرە کارانە عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات"

جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق

K24 - هەولێر

جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی ‌هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت "نابێت شەرعیەتی دەوڵەت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بخرێتە مەترسییەوە".

نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیوویەتی "هێرشەکەی شەوی رابردووی هەولێر پێشێلکردنی سەروەری یاسایە لە عێراق و ئەو جۆرە کارانە عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات".

پلاسخارت ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەو ‌هێرشانە تەنیا عێراقییەکان باجەکەی دەدەن و نابێت شەرعیەتی دەوڵەت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بخرێتە مەترسییەوە".

شەوی رابردوو 6/7/2021، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

Fly Erbil Advertisment