سەفین دزەیی: ئەرکی هاوپەیمانانە رووبەڕووی هێرشی گرووپە چەکدارەکان ببنەوە
"کەسەکان ناسراون، بەڵام ئیجرائات ناکرێت"

K24 - هەولێر
حكومەتی ھەرێمی كوردستان داوا لە ھاوپەیمانان دەكات، رووبەڕووی ئەو گرووپە چەكدارییە عێراقیانەی لە یاسا دەرچوو ببێتەوە، كە بوونەتە ھەڕەشە لەسەر ئەمنییەت و سەقامگیری ھەرێمی كوردستان و عێراق.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت ھێرشەكانی ئەم دواییەی سەر فڕۆكەخانەی ھەولێر، بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەم دواییە چەندین جارە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی لە یاسا دەرچووە، دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئێستا کە بەرەو هەڵبژاردنی عێراق دەچین پێویستە دۆخەکە سەقامگیربێت، بەڵام هەندێک بەیاننامە لە هەندێک خەڵکی نابەرپرس دەبیستین لە عێراق جێگەی نیگەرانییە، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان، بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێ جێگەی نیگەرانی هاوپەیمانان بێت، چونکە ئەوان یەکەم ئامانجی ئەو هێرشانەن، لە رووی تەکنەلۆژی و سەربازییەوە هاوپەیمانان هێزی ئەوەیان هەیە کە رووبەڕووی ئەو جۆرە هێرشانە ببنەوە، بۆیە پێویستە هەنهاوبنێن بۆ لەناوبردنی سەرچاوەی هێرشەکان".
گوتیشی: "ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، کە خاوەنی سەروەری عێراقە، پێوستە هەنگاوی جدی لەوباررەوە بنێن، چونکە رووداوەکان چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، لیژنەی هاوبەش پێکهێنراوە و کەسەکان ناسراون، بەڵام ئیجرائاتیان بەرامبەر نەکراوە. پێویستە هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەولیر و بەغدا هەبێت، بۆ رێگری کردن لەو جۆرە رەفتارانە".