عه‌لى دۆڵه‌مه‌ری: هه‌رێمى كوردستان بۆ فەرەنسا پێگەیەکی گرنگە

فه‌ره‌نسا هه‌موو هێرشێكى تیرۆریستى بۆ سەرعێراق و هه‌رێمى كوردستان ئیدانه‌ ده‌كات به‌تایبه‌تیش پشتگیری خۆی بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕیوه‌

ئاڵای فەرەنسا و کوردستان
ئاڵای فەرەنسا و کوردستان

K24 – هه‌ولێر:

به‌یاننامه‌كه‌ى وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لەباره‌ى هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كان بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى نێو ده‌وڵه‌تى هه‌ولێر و بنكه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌دى سه‌ربازى له‌ ئه‌نبار، عه‌لى دۆڵه‌مه‌ری، نوێنه‌ری حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ فه‌ره‌نسا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، حكومه‌تى فه‌ره‌نسا وه‌ك دۆستێكى نه‌ته‌وه‌ی كورد زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ سه‌یری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن، پاریس ده‌یه‌وێت عێراقێكى سەقامگیر، له‌نێویدا كوردستانێكى به‌هێز بوونى هه‌بێت.

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راشیگه‌یاند، به‌ بۆچوونى فه‌ره‌نسا، هه‌رێمى كوردستان تاكه‌ ناوچه‌یه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه‌ جێى گرنگى ئه‌وان بێت، ئه‌ویش له‌به‌ر هۆكارى مرۆیی و پێكه‌وه‌ ژیان و ئه‌و دیموكراسییه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان بوونى هه‌یه‌ و له‌ تەواوی ناوچه‌كه‌دا بوونى نیه‌.

عه‌لى دۆڵه‌مه‌ری روونیشیكرده‌وه‌، فه‌ره‌نسا پشتگیری له‌ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنێكى به‌هێز له‌ عێراق ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن حكومه‌تێكى ته‌كنۆكرات دروست بكه‌ن، ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق له‌ خۆ بگرێت، فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێت هه‌رێمى كوردستان له‌ نێو حكومه‌تى داهاتووى عێراق، به‌هێز بێت.

جه‌ختیكرده‌وه‌، پاریس هه‌موو هێرشێكى تیرۆریستى بۆ سەر عێراق و هه‌رێمى كوردستان ئیدانه‌ ده‌كات، به‌شێوەیەکی تایبه‌تیش پشتگیری خۆی بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕیووه‌، چونكه‌ ئه‌م هێرشانه‌ ده‌بنه‌ هۆكارى ناسه‌قامگیری له‌ناوچه‌كه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ى ئه‌و هێرشانه‌ زیانى بۆ ئه‌وروپاش هه‌یه‌، بۆیه‌ش پاڵپشتى له‌ سوپاى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

ئاماژه‌یپێكرد، فه‌ره‌نسا وه‌ك ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، كاتێك كه‌ به‌یاننامه‌ ده‌رده‌كات، حیسابێكى وردیان كردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر چ خاڵێك ده‌وه‌ستنه‌وه‌، له‌داهاتووشدا جه‌ختێكى زۆریش ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ له‌پشته‌وه‌ى ئه‌و هێرشانه‌ن.

نوێنه‌ری حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا گووتیشى: پاریس به‌هێزه‌وه‌ كار بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى عێراق ده‌كات، له‌نێو یه‌كێتى ئه‌وروپاش كار بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى ته‌واوى پێكهاته‌كانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ كوردیشه‌وه‌، به‌شداری كارایان هه‌بێت له‌ حكومه‌تى داهاتووى عێراق.

ک.ب

Fly Erbil Advertisment