لایەنە سیاسییه‌کان ئامادەکاری بۆ بانگەشه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن
له ناوچه كوردستانییه‌كان داوای پاراستنی گیانی کاندیدانی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت

K24- هه‌ولێر:
لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنن بەھۆی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان مەترسی لەسەر كاندید و نوێنەر و ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ھەیە، داواش دەكەن دۆخەكە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەبار بێت، بەھۆی مەترسی لەسەر كاندیدی لایەنەكان بۆ رێگەیەك دەگەڕێن، كە بتوانن ژیانی كاندیدەكان و نوێنەرەكانیان بپارێزن.
بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكردوە و تا ئێستا لایەنە سیاسییەكان و كاندیدەكانیش بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان نازانن كام رێگە بگرنە بەر بۆ بانگەشە، لەبەر ئەوەی شێوازی ئەم ھەڵبژاردنە ئەركی زۆری لەسەر كاندیدەكەیە.
دۆخی ئەمنی و سیاسی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بۆ بانگەشەكردن لە كەركووك، شنگال، سەڵاحەددین و خانەقین لەبار نییە، ئەمە جگە لەوەی دەبێت رێگەیەكیش بدۆزرێتەوە بۆ پاراستنی نوێنەری لایەنە سیاسییەكان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان.
كاوە گەردی، كارگێڕی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكومه‌تی عێراق هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه تا باره‌گاكانی ئێمه له مووسڵ و كه‌ركووك و شنگال بگه‌ڕێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به ئازادانه وه‌ك حیزبه سیاسییه‌كانی دیكه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، كه ئه‌مه‌ش پێشلكارییه به گوێره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و یاسای حزبه سیاسییه‌كانی عێراق، كه له ساڵی 2015 ده‌رچووه".
لایەنە سیاسییەكان لە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان نیگەرانن و دەڵێن دۆخەكە گونجاو نییە بۆ ھەڵبژاردنة داوا دەكەن میلیشیاكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دووربخرێنەوە و پێیان وایە ژیانی كاندیدەكانیان لە مەترسیدا، دەبێت لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی عێراقیش ھەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە بدەن، ئەگەر نا بەم شێوەیە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان مەترسیدار دەبن.
ھاژە سلێمان، بەرپرسی ناوەندی ھەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان گوتی: "مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی كاندیده‌كان هه‌یه، پێویسته له رووی ئه‌منییه‌وه كاندیده‌كان بپارێزرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی میلشیاكانی عێراق له هیچ شتێك سڵناكه‌نه‌وه".
بەگوێرەی بڕیاری كۆمیسیۆن، ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن سێ مانگ دەبێت و سێ رۆژ پێش دەنگدانی گشتی بانگەشە دەوەستێت، لەم دۆخەی لایەنەكان دەڵێن ژیانی كاندید و نوێنەرەكانیان لە مەترسیەدایە، داواش دەكەن ژینگه‌ی ھەڵبژاردن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان ئارام بكرێتەوە بە تایبەتی لە شنگال و كەركووك.
د.ی