فوئاد حوسێن: هێشتا پێویستیمان به‌ پشتیوانی هێزی نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق: رێگە نادەین ململانێ ناوخۆیییەکان ببنە هەڕەشە لەسەر سەروەری خاکی عێراق

K24- هه‌ولێر:

فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، گەشبینین لەداهاتوویەکی نزیکدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمه‌ریکا بەهێزتر ببێت و گوتیشی: ئەمه‌ریکا هاوبەشێکی ستراتیژیمانە لە رووبەڕووبونەوەی داعش، هەروەها ستایشی رۆڵی ئەمه‌ریکای کرد لە پشتیوانیکردنی هیزە عێراقییەکان و جه‌ختی كرده‌وه‌، هێشتا هێزە عیراقییەکان پێویستیان بە مەشق و راهێنانی زیاتری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هەیە و داعش هێشتا چالاکە، پیویستمان بە پشتیوانی نێودەوڵەتییه‌ و رێگە نادەین ململانێ ناوخۆیییەکان ببنە هەڕەشە لەسەر سەروەری خاکی عێراق .

فوئاد حوسێن كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی شاندی حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ گه‌ڕی چواره‌می گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا له‌ واشنتنه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن، هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی گوتی:"دۆستایەتی ئێمە دەگەرێتەوە بۆ ماوەییه‌كی دوور و درێژ و بۆ سەردەمی کاری هاوبەش لە دژی تیرۆریستانی داعش و بنیادنانی چارەنووسی سیاسی لە عێراق".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "بوونی ئێمە لێرە لە واشنتن بۆ بەردەوامیدانە بە گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمه‌ریکا بەسەرۆکایەتی بلینکن و سوپاسی هەوڵەکانی ئەمه‌ریکا دەکەین. هیوادارین دەرئەنجامی گفتوگۆکان لە بەرژوەندی عێراق و خەڵکی عێراق بێت".

هه‌روه‌ها گوتی: "هاوپەیمانی و دۆستایەتیمان لەسەر بنەمای کاری هاوبەش و رێزی دوولایەنە و هاوکاری لە بوارە جیاوازەکانی وەك ئەمنی، سەربازی، ئابووری، وزە، وزەی نوێ بووەوه‌، کەرتی غاز و نەوت، کارەبا، کارکردنی هاوبەش، پلانی هاوبەش، رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و چەندین بواری جیاوازی دیکەیە".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "بە هاوکاری و هەوڵی هێزە ئەمنیەکانی عێراق و گەلی عێراق و هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکاتی ئەمه‌ریکا، پێکەوە توانیمان خەلافەتەکەی داعش لەناوبەرین. بەڵام رێکخراوی تیرۆیستی داعش وەك چه‌كداری و بیرۆکەی توندڕەوی و تیرۆریستی هێشتا ماوە. چالاکییان له‌ عێراق ماوه‌ و چەند رۆژێك لەمەوبەر لە کردەوەیەتی تیرۆریستیدا لە شاری سەدر خەڵکێکی زۆریان شەهید و بریندار کرد. واتە هێشتا داعش هەڕەشەیە لەسەر عێراق و وڵاتانی دەورووبەر و هەموو جیهانیش".

گوتیشی: "راستە داعش رێکخراوێکی ناوخۆیی و خۆجێییە و لە عێراق چالاکە، بەڵام رێکخراوێكی هەرێمی و نێودەوڵەتییه‌. پێویستمان بە هاوکاری نێودەوڵەتیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش. بۆیە هێشتا پێویستمان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کارکردنە لەگەڵیان بەسەرۆکایەتی ئەمه‌ریکا و پێویستمان بە ئاڵوگۆڕی زانیارییە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمه‌ریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش".

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و واشنتنیش فوئاد حوسێن گوتی: "پەیوەندی ئێستا و داهاتوومان لەگەل ئەمه‌ریکا تەنیا لە بواری ئەمنی و سەربازی نیە، بەڵکو فراوانترە و بوارە جیاوازەکان ده‌گرێته‌وه‌ و گفتوگۆی ستراتیژیش لەسەر ئەم بنەمایانە بەرێوەدەچن، کە سوودیان بۆ گەلی عێراق هەبێت".

له‌ كۆتاییشدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق گوتی: "سوپاسی ئەمه‌ریکا دەکەین، بۆ هه‌وڵه‌كانی بۆ ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی بڕیاری ناردنی چاودێری نێودەوڵەتی بدات بۆ هەڵبژادنەکانی عێراق، ئەو هەڵبژاردنانەی بڕیار لە چارەنوس و داهاتووی عێراق و دیمورکراسی و داهاتووی خەڵکی عێراق دەدەن."

H.B