روونكردنەوەیەك لە بەرێوبەرایەتی گشتی گومركی هەرێمی كوردستانەوە
بەرێوبەرایەتی گشتی گومركی زانیاری هەواڵێک رەتدەکاتەوە
K24 – هەولێر
بەرێوبەرایەتی گشتی گومركی هەرێمی كوردستان لە روونکردنەوەیەکدا هەواڵێک رەتدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، داهاتی گومركی رادەستی حكومەتی عێراق نەکردبێت.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك، كە هەرێمی كوردستان داهاتی گومركی رادەستی حكومەتی عێراق نەكردووە. بە پێویستی دەزانین هەموو لایەك ئاگادار بكەینەوە كە لە چوارچێوەی ئەو پابەندە داراییانەی كەوتووەتە سەر حكومەتی هەرێمی بەرامبەر بەغدا. حكومەتی هەرێمی لەسەردانی وەفدی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێم و ناوەند سەرجەم داتا و زانیاری و داهاتەكانی دەروازەكانی هەرێمی كوردستانی خستووەتە بەردەمی تیمەكە و بەپێی ئەو داتایانە حكومەتی ناوەند لە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕی ئەو داهاتانە دادەشكێنێت".
ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەم رێكارە بەپێی ماددەی 11ی لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 جێبەجێ دەكرێت واتا لێبڕینی داهاتی نەوتی و نا نەوتی راستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەبێت، ئەم پرۆسەیە لە مانگی 1ی 2021ەوە جێبەجێ دەكرێت".