راپۆرتێکی ئەمه‌ریکی: عێراق وڵاتێکی دیموکراتی بێ ئاسایشە و هەزاران کەسی مەدەنی لەو وڵاتە دیموکراتە کوژراوە

"ته‌نیا ئه‌مساڵ 330 کەسی مەدەنی لە عێراق کوژراون"

گواستنه‌وه‌ی ته‌رمی كوژراوان له‌ مووسڵ.. ئه‌رشیڤ
گواستنه‌وه‌ی ته‌رمی كوژراوان له‌ مووسڵ.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

بەگوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگای Open Democracy، عێراق بەدەست هەژاری و ستەمکاری و لەدەستدانی گەورەی گیانی و ژیان و گوزەرانی دەناڵێنێت و لە ترسێکی رۆژانەدایه‌.

راپۆرتەکە ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ ساڵی 2021 نزیكه‌ی 330 کەسی مەدەنی لە عێراق کوژراون، روانگەی سەرژمێری تەرم لە عێراقدا لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا کوژرانی زیاتر لە 208 هه‌زار و 800 کەسی مەدەنی لە عێراق تۆمارکردووە، کە زۆربەیان لە دوای ساڵی 2005 روویانداوه‌، کاتێك عێراق بووەته‌ "وڵاتێکی دیموکراسی".

راپۆرتەکە روونیشیكرده‌‌وه‌، "حکومەتە یەك لەدوای یەکەکانی پاش ساڵی 2003 لە چوارچێوەی "جەنگی دژی تیرۆر" تا ئێستا زیاتر لە 4 هەزار کەسی مەدەنییان کوشتووە و هێزەکانی پۆلیس و میلیشیاکانیش سەدان خۆپیشاندەریان لە عێراق کووشتووە.

هەروەها حکومەتی عێراق رێگەی دا بە کوشتنی هەزاران کەسی دیکە لەڕێگەی بۆردومانە ئاسمانییەکانەوە، کە هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی تورکیا ئەنجامی دەدەن یان میلیشیاکانی سەر بە ئێران وەک گرووپی حەشدی شەعبی.

راپۆرتەکە ئەوەشی زیاد کرد، "لەنێوان ساڵانی 2003 - 2020 بنەما جێگیرەکان لە عێراق بریتین لە توندوتیژی تائیفی، تیرۆر، هەژاری، بڵاوبوونەوەی چەک، تاوان، ناسەقامگیری سیاسی، داڕووخانی کۆمەڵایەتی، ئاژاوەگێڕی و شکستی ئابووری".

راپۆرتەکە رایگەیاند، سەرباری ئەوەی عێراق رایگەیاند، کە وڵاتێکی دیموکراتییە، بەڵام وڵاتێکی دیموکراتی بێ ئاسایش.

 

Fly Erbil Advertisment