زۆرترین ژمارەی تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: ئامارەکان مەترسیدارە

K24 – هەولێر
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، لە 24 کاتژمێری رابردوو، زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، کە ژمارەکە لە 2 هەزار تووشبوو تێپەڕی کردووە.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی خێرا زیاد دەکات، ئێستا زیاتر لە 156 حاڵەتی مەترسیداری تووشبووی کۆرۆنا لە ژوورەکانی چاودێری چڕ هەن، جگە لەوەی بە دەیان حاڵەتی دیکە لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن لەژێر ئۆکسجینن".
گوتیشی: "ئامارەکان یەکجار مەترسیدارە، لە 24 کاتژمێری رابردوو زیاتر لە 2100 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەگەر ژمارەکان بەوشێوەیە بەردەوام بێت لە زیادبوون و ئەو پاڵەپەستۆیە لەسەر کەرتی تەندروستی هەبێت، رەنگە لە داهاتوودا نەتوانین تووشبووان لە نەخۆشخانەکان وەربگرین، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین پابەندبن، بۆ ئەوەی بتوانین دۆخەکە بە زیانێکی کەم تێپەڕێنین".
وەتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، باسی لەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، پێشنیازەکان دەخرێنەڕوو، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی داهاتوو دیاربکرێت".
راشیگەیاند: "هێشتا دۆخەکە لە دەست دەرنەچووە و دەتوانین بە خۆپارێزی و جێبەجێکردنی رێنمایی و رێکارەکان، شەپۆلەکە هێور بکەینەوە".