هۆشداری لە برسیێتی 23 ناوچەی جیهان دەدرێت
"وشکەساڵی و ناکۆکییەکان هەڕەشەی برسیێتی سەخت لە سۆماڵ دەکەن"

K24 - هەولێر
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات بەوەی لە سێ مانگی داهاتوو برسیێتی هەڕەشە لە 23 ناوچەی جیهان دەکات، بە تایبەت هەرێمی تیگرای ئیسیوپیا و یەمەن و باشووری سودان و مەدغەشقەر و باکووری نێجیریا.
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو) و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی(دەبلیوو ئێف ئۆ) لە راپۆرتێکدا، چەندین ناوچەیان بڵاوکردووەتەوە، کە لە مانگی ئاب تاوەکو تشرینی دووەم دووچاری قەیرانی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە، ئەگەریشی هەیە قەیرانەکە قووڵتر ببێتەوە.
لە راپۆرتی ئەو دوو دامەزراوەیەدا، هەرێمی تیگرای لە سەرووی لیستەکەدا هاتووە، روونیشکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی برسیێتییەوە مەترسی مردن لە سەر ژیانیان هەیە ژمارەیان بۆ 401 هەزار کەس بەرزبووەتەوە، کە ئەو ژمارەیەش زۆر زیاترە لە قەیرانی برسیێتی سۆماڵ لە ساڵی 2011.
بەگوێرەی راپۆرتەکە لە باشووری مەدغەشقەریش، برسێتی لە خراپترین دۆخی چل ساڵی رابردوویدایە، وشکەساڵی کاریگەری کردووەتە سەر بەرووبوومە سەرەکییەکان و نرخی کاڵا خۆراکییەکان بەرزبووەتەوە. پێشبینی دەکرێت، 140 هەزار کەس دووچاری قەیرانی ئاسایشی خۆراک ببنەوە بە تایبەت لە مانگی ئەیلوولدا.
بەپێی خەملاندنی ئەو دوو ئاژانسە ئەوروپییە، ژمارەکان لەو وڵاتە ئەفریقییە دوو هێندە دەبێت، لە کاتێکدا ئێستا 28 هەزار کەس پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.
بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی و فاو و دەبلیوو ئێف ئۆ، کە لە مانگی ئایاردا بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە 155 ملیۆن کەس لە 2020 رووبەڕووی برسیێتی بوونەتەوە، لە نێویاندا 133 هەزار کەس پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەبووە، بۆ ئەوەی رێگری لە مردن بەهۆی برسیێتییەوە بکرێت، ئەو ژمارەیەش 20 ملیۆن کەس بەراورد بە 2019 زیادیکردووە.