مەزڵوم عەبدی: شانازی بە ناسنامەی سوورییەوە دەکەین
"رێگای دروست گفتوگۆ کردنمانە لەگەڵ حکومەتی سووریا"

K24 - هەولێر
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، شانازی بە ناسنامەی سوورییەوە دەکەن،و دەیانەوێت کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا چارەسەر بکەن.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەمیانەی گفتوگۆکانی ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە حەسەکە بەڕێوەدەچێت رایگەیاند، شانازی بە ناسنامەی سوورییەوە دەکەن و کار لەسەر گەڕاندنەوەی تەواوی ناوچە داگیرکراوەکان دەکەن.
عەبدی راشیگەیاند، رێگای دروست ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی سووریا گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا "تاوەکو ئێستا داواکارییەکانی رژێمی سووریا دوژمنانەن و، لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک دانیە. دانوستانەکانی سووری سووری لەگەڵ حکومەتی ناوەند گرنگن و، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی".
هەروەها لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی کەمکردنەوەی شەڕ مەزڵوم عەبدی گوتی، لەگەڵ رووسیا لە هەماهەنگیداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.