سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌شداری رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی ره‌ئیسی ده‌كه‌ن

ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵا به‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا ده‌كه‌ن

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌راسیمی ده‌ستبه‌كاربوونی ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆكی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌شداری ده‌كه‌ن.

بڕیاره‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ مه‌راسیمی ده‌ستبه‌كاربوونی ره‌ئیسی بگاته‌ تاران.

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ كوردستان24، رایگه‌یاند، بڕیاره‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ (4ی ئاب/ ئۆگستی 2021)، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رێواس فایه‌ق، بگاته‌ تاران، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا بكات.

له‌ ئاستی حكومه‌تیشدا، هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، پشتیوان سادق، وه‌زیری رۆشنبیری، حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، كوێستان محه‌مه‌د، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌شدار ده‌بن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وان، فه‌وزی هه‌ریری، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا ده‌كات.

بڕیاره‌ سبه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی سوێندی یاسایی بخوات و ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ فه‌رمی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی كۆماری ئیسلامی ده‌ستبه‌كار بێت.