تەندروستی عێراق داوای سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ دەکات

تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا زیادیکردووە

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەهۆی هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی عێراق داوای سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ دەکات.

ریاز حەلفی، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی، لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاند "بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێشنیارمان بۆ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بەرزکردووەتەوە، بۆ سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆی تەواو، بۆ ماوەی دوو هەفتە".

گوتیشی "خەڵک بێباکە و گوێ بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان نادات، بۆیە ناچاربووین ئەم پێشنیارە بکەین".

 ریاز حەلفی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە هەوڵدان لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر، بڕی کڕینی ڤاکسین لە 16 ملیۆنەوە بۆ 18 ملیۆن بەرزبکەنەوە.

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە 24 کاتژمێردا 11 هەزار و 644 کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوونە و 63 کەسیش بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.