بینی گانتس: له‌نێوان ئێران و توانای دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی ته‌نیا 10 هه‌فته ماوه
دوای 10 هه‌فته‌ی دیكه ئێران ده‌بێته خاوه‌نی ئه‌و ماددانه‌ی له دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمیدا به‌كارده‌هێنرێن

K24- هه‌ولێر:
بینی گانتس، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل رایگه‌یاند، له نێوان ئێران و توانای گه‌یشتنی به‌و مادده تیشكده‌رانه‌ی له دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمیدا به‌كارده‌هێنرێن، ته‌نیا 10 هه‌فته ماوه.
ئه‌م گوتانه‌ی گانتس له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ یائیر لابید، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی هاتوون، كه باڵیۆزانی وڵاتانی ئه‌ندام له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش له ئیسرائیل ئاماده‌ی بوون و دووپاتیكرده‌وه، "جارێكی دیكه ئێران سه‌لماندی كه بووه‌ته ئالنگارییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی و له كۆتاییشدا هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئیسرائیل".
وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێران هه‌موو هێڵ و سنووره دیاریكراوه‌كانی پێشووی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی تێپه‌ڕاندووه و ئه‌مڕۆش ته‌نیا 10 هه‌فته‌ی له‌به‌رده‌م ماوه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌نی ئه‌و مادده تیشكده‌رانه‌ی بۆمبی ئه‌تۆمیی لێ دروست ده‌كرێت".
H.B