به‌شیر حه‌داد: پێویسته هه‌ڵبژاردنێكی پاكوبێگه‌رد له كاتی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت
"له عێراق هیچ گه‌رنتییه‌ك نییه و نازانرێت به‌یانی چ لایه‌نێك هه‌ڵوێستی خۆی ده‌گۆڕێت"
K24 - هه‌ولێر:
دكتۆر به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له میانه‌ی به‌شداریكردنی ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، پێویسته هه‌ڵبژاردنێكی پاكوبێگه‌رد له كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، هه‌ر چه‌نده هه‌ندێك لایه‌ن له هه‌ڵبژاردن كشاونه‌ته‌وه، به‌ڵام له عێراق هیچ گه‌ره‌نییه‌ك نییه، ره‌نگه هه‌ڵبژاردن هه‌ر نه‌كرێت، ره‌نگه هه‌ڵبژاردن بكرێت و ئه‌و لایه‌نانه‌ی له هه‌ڵبژاردن كشاونه‌ته‌وه، له‌دوایین كاتدا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، نازانرێت به‌یانی چ لایه‌نێك هه‌ڵوێستی خۆی ده‌گۆڕێت.
به‌شیر حه‌داد گوتی: "مقۆمقۆی ئه‌نجامدان و ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق ره‌نگه تا مانگێكی دیكه به‌رده‌وام بێت، تا ئێستا نازانرێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌ده‌رێت، یان نا، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نه سه‌ره‌كییانه‌ی بڕیاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن، وه‌ك كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق، ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت".
گوتیشی: "پێشتر ره‌وتی سه‌در كشانه‌وه‌ی خۆی له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن راگه‌یاندبوو، ئه‌مڕۆش جارێكی دیكه جه‌ختی له بڕیاره‌كه كردووه، كه له بڕیاره‌كه‌یان پاشه‌گه‌ز نابنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش 20 لایه‌نی دیكه له هه‌ڵبژاردن كشاونه‌ته‌وه، تا ئێستا نازانرێت ویستی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له هه‌ڵبژاردن كشاونه‌ته‌وه سه‌رده‌گرێت، یان ویستی كۆمسیۆن و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق سه‌رده‌گرێت و هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت".
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق روونیكرده‌وه، هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یان كردووه و جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت، كۆمسیۆن ده‌ڵێت هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا بكرێت.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام نه‌درێت، ره‌نگه ره‌وشه‌كه به ئاراسته‌یه‌كی توندتیژیدا بڕوات، ئه‌گه‌ر داواكاری لایه‌نه‌كان بۆ گۆڕینی ره‌وشی عێراقه؛ ده‌بێت ئه‌و گۆڕانكارییه له رێگه‌ی سندووقی هه‌ڵبژاردنه‌وه بكرێت، بۆیه ده‌بێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا و دیسان ده‌رچوونه‌وه‌ی هه‌مان زۆرینه‌كه‌ی پێشوو، به‌شیر حه‌داد ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فاف و پاكوبێگه‌ر نه‌كرێت؛ ئه‌وا هه‌مان ئه‌وانه دێنه‌وه گۆڕه‌پانه‌كه، ره‌نگه كێشه‌ی دیكه‌ش سه‌رهه‌ڵبدات، ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریش بكرێت، گۆڕانكارییه‌كه كه‌م ده‌بێت و ژماره‌یه‌ك هه‌ڵوێستی سیاسی رووده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت هه‌ڵبژاردنه‌كه بێگه‌ردبێت، هه‌ر چه‌نده سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه ئه‌منیه‌تی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و كاندید و بنكه‌كانی ده‌نگدان دابین بكات، به‌ڵام له راستیدا تا ئێستا ئه‌م ئه‌منییه‌ته فه‌راهه‌م نه‌كراوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له عێراق هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه، نه له هه‌ڵبژاردن، نه له ره‌وشی ئێستای عێراق، تا ئێستا دیار نییه كه به‌یانی چی رووده‌دات، ئایا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌مێننه‌وه یان نا، هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه، له‌وانه‌یه هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت، له‌وانه‌شه هه‌وڵبژاردن بكرێت، ره‌نگه ئه‌و لایه‌نانه‌ی له هه‌ڵبژاردن كشاونه‌ته‌وه، له دوایین كاتدا رای خۆیان بگۆڕن و به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، ئه‌مانه هه‌مووی پێشبینیكراوه له عێراق.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ناتوانێت ده‌سته‌به‌ری هه‌ڵبژاردنێكی پاكوبێگه‌رد بكات، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه هه‌ر نه‌كرێت باشتره، چونكه خه‌رجییه‌كی زۆر ده‌ڕوات، ده‌كرێت ئه‌و خه‌رجییه بۆ خزمه‌تگوزاری بێت و خه‌ڵكی بێكار دابمه‌زرێت.
به‌شیر حه‌داد راشیگه‌یاند، چه‌ند لایه‌نێك داوای به‌هێزكردنی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن، له بری په‌رله‌مانی، به‌ڵام ئه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خاڵی سفر، چونكه ئه‌مه زه‌مانه‌تی تێدا نییه و ره‌نگه دكتاتۆریه‌ت سه‌رهه‌ڵبداته‌وه، گۆڕینی ئه‌م شێوازه‌ش پێویستی به هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور هه‌یه، به‌ڵام ده‌ستوور به ئاسانی هه‌موار ناكرێته‌وه، بۆیه ئه‌م پرسه هه‌ر وه‌كو داواكارییه‌ك ده‌مێنێته‌وه.
د.ی