ماكرۆن داوا له ئێران ده‌كات ده‌ست له چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی هه‌ڵگرێت
سه‌رۆكی نوێی ئێران داوای گه‌ره‌نتیكردنی رافه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له دانوستانه‌كانی ڤیه‌ننادا ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا داوا لە ئێران دەکات ده‌ست لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی هه‌ڵگرێت و هه‌رچی زووه بگەرێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئیبراهیم رەئیسی، سه‌رۆكی نوێی ئێران داوا دەکات، گه‌رەنتی مافەکانی ئێران بکرێت.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا کۆشکی ئێلیزی رایگەیاند: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆك کۆماری فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی کردووە و داوای لێکردووە، واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم و چالاکییە ئەتۆمییەکانی بهێنێت و بەزوویی بگەرێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆشكی ئێلیزێ، ماکرۆن بەڵێنی بە رەئیسی داوە، هەموو هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی کێشەکان بدات.
سەرۆك کۆماری فەرەنسا لەگەڵ سەرۆك کۆماری ئێران باسیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، عێراق و لوبنان کردووە، ماکرۆن سووربوونی وڵاتەکەی له‌سه‌ر پارێزگاریكردن له ئازادی و ئاسایشی ره‌وتی ده‌ریاوانییه نێودەوڵەتیەکان و سەقامگیریی عێراق و لوبنان كردووه‌ته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك کۆماری ئێران بە هاوتا فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی راگەیاندووە: ئەمه‌ریکا لە پابەندییەکانی کشاوەتەوە و رێککەوتنەکەی پێشێلکردووە و شکستی وڵاتانی ئەوروپی هۆکاری سەپاندنی سزاکانی ئەمه‌ریکا بوون بەسەر ئێران‌دا.
هه‌ر له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ماكرۆن، ره‌ئیسی داوای گه‌رەنتیکردنی مافی وڵاتەکەی دانوستانەکانی ڤییەننادا كردووه.
لەبارەی دۆخی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەراست، رەئیسی ئاماژە بەوەدەکات، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کەندوا و بەندەری عوممان جێگای گرنگییه‌كی زۆری وڵاته‌كه‌یه و رووبەڕووی هەر هەوڵێك دەبنەوە، كه بیەوێت سەقامگیری ناوچەکە تێك بدات.
لە نیسانی ئەمساڵەوە تا حوزەیران 6 گەڕی گفتوگۆ لە ڤییەننا بۆ زیندووکردنەوە رێککەوتنی ئەتۆمی بەرێوەچوون. دوا کۆبوونەوەیان له 20ی حوزەیران بوو، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێك. هێشتا هیچ وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی حه‌فته‌می ئه‌و دانوستانانه دیاری نەکراوە.
H.B