نوجه‌یفی: ئه‌مەریكا زه‌لكاوی عێراق بۆ ئێران به‌جێده‌هێڵێت
"دوای هەڵبژاردن رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە عێراق روودەدات"

K24 - هەولێر
ئه‌سیل نوجه‌یفی، پارێزگاری پێشووتری نه‌ینه‌وا له‌باره‌ی كێشه‌كانی عێراق و کشانەوەی ئەمەریکا بە كوردستان24ی راگه‌یاند "ئه‌مەریكا زه‌لكاوی عێراق بۆ ئێران به‌جێده‌هێڵێت".
نوجه‌یفی گوتیشی: "لە ساڵی 2003ـەوە تائێستا هیچ هەڵبژاردنێک لە عێراق نەکراوە گەل لەسەری رازی بێت، لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن لە 15٪ زیاتر نەبووە، ئەنجامەکانیش پشتیان پێبەستراوە، راستە ئێستا ناڕەزایەتی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆی دا ده‌كرێت، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه كێشه له‌نێوان لایه‌نه‌كان دروست ده‌بێت، ره‌نگه بگاته ئاستی پێكدادانی چه‌كداری".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە پێشتر گوتویەتی "ئەگەر ئەمەریکا بکشێتەوە با تورکیا بێتە عێراق" ئه‌سیل نوجه‌یفی، گوتی: "من بەمشێوەیە نەمگوتووە، بەڵام پێم وایە کاتێک ئەمەریکا لە عێراق دەکشێتەوە دەبێ وڵاتانی ناوچەکە گفتوگۆ بکەن و رێکبکەون لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە. لە راستیدا ئێستا ئێران و تورکیا جەمسەری ناوچەکەن، بۆیە دەبێ گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەکە دوای کشانەوەی ئەمەریکا بکەن. بە بڕوای من تورکیا دەستوەردان لە دۆخی عێراق ناکات، بەڵام لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە کاریگەری دەبێت لە عێراق".
راشیگەیاند: "کاتێک ئەمەریکا لە عێراق دەکشێتەوە، ئەم وڵاتە وەکو زەلکاوێک جێدەهێڵێت و ئێرانییەکان مەلەوانی تێدا دەکەن".
هاوكات ئه‌و به‌رپرسه‌ی سوننه له‌باره‌ی دۆسیه‌ی شنگال و پرسی په‌كه‌كه گوتی: "کێشەی بوونی پەکەکە لە توانای حکومەتی عێراق دەرچووە و کەوتووەتە نێوان تورکیا و ئێران. ره‌نگه دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مەریكا، ئێران و توركیا گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌ی په‌كه‌كه و شنگال بكه‌ن و كێشه‌كه‌ش چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام به‌بێ ره‌چاوكردنی داواكارییه‌كانی عێراق".