له ئه‌فغانستان هێزێكی نوێ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی تاڵیبان پێكده‌هێنرێت
هێزه‌كه له چه‌ند لیژنه‌یه‌كی میللی پێكدێت و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده و به‌رپرسی كه‌رتی به‌لخه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه

K24- هه‌ولێر:
عه‌تو نور، حاكمی پێشووی كه‌رتی به‌لخ له ئه‌فغانستان و هاوكات سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی پێكهێنانی ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ی میللی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی له باكووری ئه‌و وڵاته راگه‌یاند.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له حزبی "بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی نیشتمانی" له ئه‌فغانستان ئاشكرایكرد، "ئه‌مڕۆ له شاری مه‌زار شه‌ریف، پایته‌ختی ویلایه‌تی به‌لخ له باكووری رۆژئاوای ئه‌و وڵاته، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منی به‌ڕێوه‌چوو، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له ئاژانسی موشیر عه‌بدولڕه‌شید دۆسته‌م، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكار، له كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی عه‌تو نور، عیباده‌ڵڵا عیباد، سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی، فه‌رهاد عوزێمی، پارێزگاری ئێستای به‌لخ، زه‌بیحوڵڵا مه‌همه‌ند، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی شاهین 209، فه‌رمانده‌ی پۆلیس و سه‌رۆكی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له به‌لخ و ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ری حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌و ویلایه‌ته به‌شدار بوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه له‌سه‌ر گرنگی یه‌كخستنی ریزه‌كان و هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی نێوان هێزه‌كان بۆ پاڵپشتیكردن له هێزه‌كانی به‌رگری و ئه‌منی له باكووری ئه‌فغانستان رێككه‌وتن، به‌تایبه‌ت له ویلایه‌تی به‌لخ و شاری میمنه له ویلایه‌تی فاریاب".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتیشی: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا، عه‌تو نور سه‌ركردایه‌تی هه‌موو هێزه‌كانی به‌رگری و میللییه‌كان بكات، هه‌روه‌ها عه‌بدولڕه‌شید دۆسته‌م سه‌ركردایه‌تی ته‌واوی پرۆسه و پلانه‌كانی جه‌نگ بكات و راوێژی پێویست به هێزه ئه‌منی و به‌رگرییه‌كان و هێزه میللییه‌كان بدات".
هه‌روه‌ها گوتی: "بڕیارێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌وه بوو، كه ژماره‌یه‌ك ناوه‌ندی ئیداری له پارێزگای به‌لخ دابمه‌زرێنرێن، وێڕای پشتیوانیكردنی پێكهاته‌ی نوێی چه‌كداری له‌لایه‌ن فه‌یله‌قی شاهین 209، ئیداره‌ی ئاسایشی به‌لخ و فه‌رمانده‌یی پۆلیسه‌وه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، تا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌كۆی 34 ویلایه‌ت، سه‌نته‌ری ئیداری 17 ویلایه‌تیان له سه‌رانسه‌ری ئه‌و وڵاته كۆنترۆڵ كردووه.
جێگای ئاماژه‌یه، رۆژی چوارشه‌ممه ئه‌شره‌ف غه‌نی، سه‌رۆكی ئه‌فغانستان گه‌یشته شاری مه‌زار شه‌ریف و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كانی ئه‌و ویلایه‌ته پرسی پێكهێنانی هێزێك بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی تاوتوێ كرد.
سه‌رچاوه: ئینته‌رفاكس
H.B