ئومێد خۆشناو: لە دوو رۆژدا زیاتر لە 520 بیری ئاو لە هەولێر چاککراون
"سەرۆکی حکومەت خۆی چاودێری دۆخەکە دەکات"
K24 – هەولێر
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 520 بیری ئاو لە هەولێر چاککراون و بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز4 کێشەی ئاو بە تەواوی لە هەولێر چارەسەر دەکرێت. ئێستا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کودستان خۆی چاودێری دۆخەکە دەکات.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "ئەوەی ئێستا دەیکەین چارەسەری بنەڕەتی نییە، بەڵکو چارەسەری کاتییە بۆ ئەو قەیرانەی کە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و شێلوبوونی ئاوی ئیفراز دروست بووە، بە خۆشحاڵییەوە ئێستا هەرسێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەولێر و قەندیل کار دەکەن، دەست بە چاککردنی بیرەکانیش کراوە و لەم دوو رۆژەدا 523 بیر لە هەولێر چاککراون و پرۆسەکەش بەردەوامە".
جەخیشیکردەوە: "رێگە نادەین هیچ ماڵێکی هەولێر بێ ئاوبێت، لە رێگەی هەر شەش شارەوانی هەولێر ئاو دابەش دەکرێت و گرفتە هونەرییەکانیش چارەسەر دەکرێن".
پارێزگاری هەولێر، گوتیشی: "چارەسەر بنەڕەتی کێشەی ئاو لە هەولێر پەیوەستە بە راکێشانی بۆری ئیفراز4، خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات، ئێمەی راسپاردووە ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین. چارەسەری یەکجاری لە پلانی حکومەت دایە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و راکێشانی بۆری ئیفراز چوارە".