مۆته‌كه‌ی تاڵیبان خه‌وی ئه‌فغانییه‌كانی زڕاندووه
پشێوییه‌كی زۆر.. شه‌ڕ گه‌یشتووه‌ته ده‌روازه‌كانی كابوڵ.. مه‌زار شه‌ریف كه‌وته ده‌ست تاڵیبان.. ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوای سه‌رقاڵی كشانه‌وه‌ن.. خه‌ڵكی ترسێكی گه‌وره‌یان لێ نیشتووه.. سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ش باسی پلانێكی نوێ ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
ئه‌شره‌ف غه‌نی، سه‌رۆكی ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، هه‌ندێك گفتوگۆ له‌ئارادان بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕ له وڵاته‌كه‌ی و روو له خه‌ڵكی ئه‌فغانستان جه‌ختی كرده‌وه، به‌م نزیكانه ئاهه‌نگی شكستخواردنی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌گیڕن، له هه‌مان كاتیش‌دا غه‌نی داوای هاوكاری به‌په‌له‌ی له وڵاتانی جیهان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له دژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان پشتیوانی پێ بده‌ن.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان پێشڕه‌وی زۆریان كردووه و به‌ر له چه‌ند كاتژمێرێك كۆنترۆڵكردنی ویلایه‌تی مه‌زار شه‌ریفیان به ته‌واوه‌تی راگه‌یاند و خه‌ریكه سه‌رانسه‌ری ئه‌فغانستان داگیر بكه‌ن، له ده‌روازه‌كانی كابوڵی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته نزیك بوونه‌ته‌وه و ته‌نیا چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی دیاریكراو له‌نێوان چه‌كداره‌كان و سه‌نته‌ری ئه‌و شاره ماون.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا فه‌رمانده‌ی سوپای ئه‌فغانستان پلانی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی بۆ پارێزگاریكردن له شاری كابوڵ ئاشكراكرد و گوتی: ئه‌شره‌ف غه‌نی فه‌رمانده‌یه‌كی نوێی بۆ ئاسایشی پایته‌خت دامه‌زراندووه.
پێشتریش هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، گفتوگۆی چڕ و پڕ له‌ناو حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له ئارادان و له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی خێرا و به‌په‌له‌ی سیاسی بۆ چه‌سپاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری له ئه‌فغانستان.
به‌گوێره‌ی میدیا جیهانییه‌كان، به‌هۆی پێشڕه‌وییه‌كانی چه‌كدارانی تاڵیبان و نزیكبوونه‌وه‌یان له ده‌روازه‌كانی شاری كابوڵی پایته‌خت، ترسێكی زۆر له‌ناو خه‌ڵكی ئه‌و شاره و ئه‌وانه‌ی له شاره‌كانی دیكه‌وه په‌نایان بۆ كابوڵ هێناوه، بڵاوبووه‌ته‌وه و له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی دیكه‌ی رۆژئاوای ئاماده‌كاری بۆ كشاندنه‌وه‌ی هاووڵاتییان و دیپلۆمتكاره‌كانیان له‌و شاره ده‌كه‌ن.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، شه‌ڕێكی سه‌خت له ده‌وروبه‌ری كابوڵ له‌ئارادایه و له شه‌ڕی ده‌وروبه‌ری هه‌ردوو ویلایه‌تی به‌لخ و مه‌زار شه‌ریفیش، سوپای ئه‌فغانستان به هێزی ئاسمانیشه‌وه رووبه‌ڕووی چه‌كداران بووه‌ته‌وه و ته‌نیا ئه‌مڕۆ ده‌یان هێرشی ئاسمانیی بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی تاڵیبان له‌و ناوچانه ئه‌نجامداوه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه میدیاكان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، زۆرێك له ئه‌فغانییه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا له‌سه‌ر ئازادی راهاتوون، ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه تاڵیبان بگه‌ڕێته‌وه ده‌سه‌ڵات و به سه‌پاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان ئازادییه‌كانیان لێ زه‌وت بكات.
له ساڵی 1996 تا ساڵی 2001، به‌ر له‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له ده‌سه‌ڵات ده‌ربكات، تاڵیبان كۆت و به‌ندی زۆری به‌سه‌ر ئافره‌تاندا سه‌پاندبوو، به‌تایبه‌ت كاتێك ئافره‌ت بۆی نه‌بوو به‌بێ هاوه‌ڵێكی ره‌گه‌زی نێر بچێته ده‌ره‌وه و خوێندنی له قوتابخانه‌كان له كچان فه‌ده‌غه كردبوو ئافره‌تیان به جه‌ڵده و ره‌جمكردن سزا ده‌دا.
له‌و باره‌شه‌وه، ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 35 ساڵی به ناوی موژده كه له‌گه‌ڵ براكه‌ی له ویلایه‌تی به‌روانی باكووری ئه‌فغانستان به‌ره‌و ئه‌و شاره رایانكردووه، به ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاند: "شه‌و و رۆژ ده‌گریم كاتێك ده‌بینم تاڵیبان كچانی بچووك ناچار ده‌كه‌ن هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌كانیان بكه‌ن" ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پێشتر ئه‌و داواكاریه‌ی چه‌كدارانی تاڵیبانم ره‌ت كردووه‌ته‌وه (...) ئه‌گه‌ر ئه‌وان ناچارم بكه‌ن هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵیان بكه‌م، خۆم ده‌كوژم".
هاووڵاتییه‌كی دیكه به‌ناوی داود هۆتاك ته‌مه‌ن 28 ساڵی، كه كاری بازرگانی له كابوڵ ده‌كات، گوتی: "ئه‌و بۆ ئاینده نیگه‌رانه، خوشكه‌كانی بچوكن و نازانێت چاره‌نووسیان چی ده‌بێت" گوتیشی: "ئه‌گه‌ر دۆخی ئه‌فغانستان دووباره تێكچوو، ناچارین وڵاته‌كه‌مان جێ بهێڵین، هه‌روه‌ك له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووش جێ‌مان هێشتبوو".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌و هه‌ست به نیگه‌رانییه‌كی زۆر ده‌كات، كاتێك گوێبیستی چیرۆكی ئافره‌تان و كچانی ئه‌فغانستان ده‌بێت، كه چۆن له‌كاتی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان مامه‌ڵه‌یه‌كی توندوتیژیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرا.