مەسرور بارزانی: دامەزراندنی پارتی ویستی گەلی کوردستان بوو لەپێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییە رەواکانیدا

"پارتی هەمیشە لەگەڵ جەماوەرەکەی و درووشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی راستگۆ بووە"

سه‌رۆك بارزانی - مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان - فۆتۆ: ئه‌رشیڤ
سه‌رۆك بارزانی - مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان - فۆتۆ: ئه‌رشیڤ

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 75مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دامەزراندنی پارتی وەک بزاڤێکی جەماوەری بەڕێبەرایەتی باوکی روحی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر، گەشانەوە و بووژانەوەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەک و وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی و وەڵامدانەوەی خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو لەپێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانیدا".

لە پەیامی سەرۆکی حکومەت هاتووە: "پارتی کە ئەمڕۆ گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە، هەمیشە لەگەڵ جەماوەرەکەی و درووشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی راستگۆ بووە و خاوەنی سیاسەتێکی حەكیمانەیە کە سەرچاوەکەی، دانایی و مێژووی پڕ لە سەروەری جەنابی سەرۆک بارزانییە".

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:..

بەبۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کوردستانییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر دەکەم.

دامەزراندنی پارتی وەک بزاڤێکی جەماوەری بەڕێبەرایەتی باوکی ڕوحی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر، گەشانەوە و بووژانەوەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەک و وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی و وەڵامدانەوەی خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو لەپێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانیدا.

مێژووی پارتی، مێژوویەکی شکۆداری پڕ لە قوربانیدان و خەباتکردن و دانەبڕان لە خاك و گەلی کوردستان و سازشنەكردنە لەسەر پرسە كوردستانییەكان لەژێر هەر گوشارێكدا بێت.

پارتی کە ئەمڕۆ گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە، هەمیشە لەگەڵ جەماوەرەکەی و درووشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ڕاستگۆ بووە و خاوەنی سیاسەتێکی حەكیمانەیە کە سەرچاوەکەی، دانایی و مێژووی پڕ لە سەروەری جەنابی سەرۆک بارزانییە.

ئەمڕۆش کە یادی حەفتا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی پارتی دەکەینەوە، پەیام و كارنامە و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی، لە هەموو كاتێك بەهێزترن و بە گوڕو تینێکی زیاترەوە، لە خەبات و تێكۆشانیدا بەردەوامە. شانازییەکی گەورەی بەدیهاتنی دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستانیش، بەر پارتی دەکەوێت کە قوربانییەکی زۆری لەم پێناوەدا داوە . 

 بێگومان كاروانی خەبات و تيكۆشانی پارتی، لە پێشڕەوایەتیكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان، بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز بەردەوامە و رۆژ لە دوای رۆژ، پارتی زیاتر دەبێتە جێگەی متمانەی خەڵکی كوردستان و هەموو هەوڵێکیش دەخاتەگەڕ، لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵکی خۆڕاگری كوردستان.

لە یادی شازدەی ئابدا، بەڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشانی دامەزرێنەری پارتی و باوکی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر و شەهیدی سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە .

مەسرور بارزانی

16ی ئابی 2021

Fly Erbil Advertisment