نێچیرڤان بارزانی: پارتى حزبێكى جه‌ماوه‌ريى زيندووه و پێشه‌نگى خه‌باتى گه‌لى كوردستانه‌ بۆ ئازادى

پەیامی جێگری سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ يادى 16ى ئابدا

نێچيرڤان بارزانى، جێگری سه‌رۆكى پارتی دیموكراتی كوردستان
نێچيرڤان بارزانى، جێگری سه‌رۆكى پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكی پیرۆزباییدا رایگه‌یاند، گەرمترین پیرۆزبایی له‌ خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدان، جەنابی سەرۆك بارزانی، مه‌كته‌بى سياسى، سه‌ركردايه‌تى، ته‌واوى مه‌كته‌ب و ده‌سته‌ و ئۆرگانه‌كان، كاديران، ئه‌ندامان، لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى له‌ هه‌ر كوێ بن، ده‌كه‌م.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووه‌، پارتى حزبێكى جه‌ماوه‌ريى زيندووه‌، ئه‌مڕۆ دواى حه‌فتا و پێنج ساڵ ته‌مه‌ن و تێپه‌ڕاندنى چه‌ندين قۆناغى جياى خه‌باتى ئاشكرا و نهێنى و شۆڕش و حوكمڕانى، به‌ نوێبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام و ته‌با له‌گه‌ڵ گيانى سه‌رده‌مدا، هێشتا پێشه‌نگى خه‌باتى گه‌لى كوردستانه‌ بۆ ئازادى.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌ یادی 16ی ئابدا:

له‌ يادى دامەزراندنی پارتيماندا، گەرمترین پیرۆزبایی له‌ خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدان، جەنابی سەرۆك بارزانی، مه‌كته‌بى سياسى، سه‌ركردايه‌تى، ته‌واوى مه‌كته‌ب و ده‌سته‌ و ئۆرگانه‌كان، كاديران، ئه‌ندامان، لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى له‌ هه‌ر كوێ بن، ده‌كه‌م. به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان و سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌ركرده‌ و تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌موو ژيانيان به‌ كوردستان به‌خشى.

پارتى حزبێكى جه‌ماوه‌ريى زيندووه‌، ئه‌مڕۆ دواى حه‌فتا و پێنج ساڵ ته‌مه‌ن و تێپه‌ڕاندنى چه‌ندين قۆناغى جياى خه‌باتى ئاشكرا و نهێنى و شۆڕش و حوكمڕانى، به‌ نوێبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام و ته‌با له‌گه‌ڵ گيانى سه‌رده‌مدا، هێشتا پێشه‌نگى خه‌باتى گه‌لى كوردستانه‌ بۆ ئازادى. له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى رابه‌ر و دامه‌زرێنه‌رى پارتى، بارزانيى نه‌مر و هاوه‌ڵانى ده‌كه‌ينه‌وه‌ و سڵاو و دروود بۆ گيانيان ده‌نێرين.‌

پارتى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كاندا بنیاتنه‌ر و پارێزه‌رى سه‌ره‌كيى قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان و فيدراڵى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانيه‌تى. به‌ ته‌واوى بڕوايه‌وه‌ به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى، له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستاندا، به‌ ئومێد و بڕواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت و كار بۆ ژيان و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان ده‌كات.

پارتى خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندى به‌ڕێوه‌بردنه‌. رەنگدانەوەی بیر و بەرنامەی ژیاندۆستانەى پارتی لە حكوومه‌تداريدا، له‌ گرنگیدان و په‌ره‌پێدان به‌ تواناكانى ئافرە‌تان، لاوان، قوتابیان و هه‌موو توێژه‌كانى ديكه‌، وێنەیەکی سەنگینی بەخشیوەتە وڵات و رۆڵ و پێگه‌ى له‌ پێشکەوتنى بەرچاوی کورستان لە بوارى ديموكراسى، ئازادييه‌كان، مافى مرۆڤ و يه‌كسانيدا ديار و به‌رچاوه و کۆمەڵگای کوردستانی بە چەندین بەهای مرۆیی دەوڵەمەندتر کرد.

دەستی دۆستایەتيی پارتی هەمیشە بۆ هەمووان واڵا بووە. با له‌ يه‌كتر جیاواز بین، هەڵکردنمان لەگەڵ جیاوازییەکانی یەکتردا، ئەزموون  و کولتووری سیاسیمان دەوڵەمەندتر و سەنگینتر و پێگه‌مان به‌هێزتر دەکات. له‌م ياده‌دا جه‌خت له ته‌بايى و يه‌كڕيزيى و پێكه‌وه‌يى له‌نێوان ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌ كوردستانييه‌كاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ زامنى پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ستكه‌وت و فيدراڵى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانيه‌تى، وه‌ك هه‌ميشه‌ش‌ ده‌سپێشخه‌ر، داكۆكيكار، هانده‌ر و پارێزه‌ريان ده‌بێت.

بەهێزیی پێگەی پارتی کە زادەی نيشتمانپه‌روه‌رى و دڵسۆزيى سەرکردایەتى و ئه‌ندامان و رێكخستن و جه‌ماوه‌ره‌كه‌يه‌تى، لەگەڵ دروستیی رێبازە سیاسییەکەی، ئەرك و بەرپرسیاريه‌تييه‌كانى زیاتر دەکات، ئەمەش پلان و کاری زیاترمان لێ دەخوازێت. لەم ياده‌دا سوپاسی یەکە بە یەکەی ئەندامان و جه‌ماوه‌رى دڵسۆزى پارتى دەکەم کە هەمیشە نموونەی خۆڕاگری، ئەمەکداری، نيشتمانپه‌روه‌رى و به‌رپرسياريه‌تى بوون و له‌پێناو ئازادى و سه‌ركه‌وتنى كوردستاندا، هه‌موو قوربانييه‌كيان داوه‌.

بەرز و پیرۆز بێت يادى 16ی ئاب، سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدانى كوردستان.

 

نێچيرڤان بارزانى

جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان

16ى ئابى 2021

Fly Erbil Advertisment