کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش هیچ بڕیارێکی دڵخۆشکەری بۆ ئەفغانیەکان لێنەکەوتەوە
ئهنتۆنیۆ گۆتێرێس: جیهان بە کەسەرەوە سەیری رووداوەکانی ئەفغانستان دەکات و نازانین چی روودەدات.. ئەوەی لە ئەفغانستان روودەدات پێچەوانەی خەون و دنیابینی کور و کچ و لاوانی ئەو وڵاتەیە

K24- ههولێر:
کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هیچ بڕیارێکی دڵخۆشکەری بۆ ئەفغانیەکان لێنەکەوتەوە. نوێنەری ئەفغانستان دەڵێت: بەناوی گەلی ئەفغانستانەوە داوای هاوکاریتان لێدەکەم. سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکانیش رایگەیاند، خەڵکی ئەفغانستان زۆریان چەشتووە و شایهنی هاوکاری نێودەوڵەتین. ئەمهریکاش جارێکی دیکە هۆشداری دەداتە تاڵیبان و جهخت دهكاتهوه، هەر هێرشێك بۆ سەر سەرباز و دیپلۆماتکارەکانمان وڵامێکی تووندی سەربازی بەدوادا دێت.
ئەنجومەنی ئاسایی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی لەسەر دۆخی ئاڵۆزی ئەفغانستان ئەنجامدا.
له كۆبوونهوهكهدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش کرد، پشت لە خەڵکی ئەفغانستان نەکەن و گوتی: "جیهان بە کەسەرەوە سەیری رووداوەکانی ئەفغانستان دەکات و نازانین چی روودەدات. ئەوەی لە ئەفغانستان روودەدات پێچەوانەی خەون و دنیابینی کور و کچ و لاوانی ئەو وڵاتەیە. پێویستە تاڵیبان هەمووان بپارێزرێت و رێگە بە هاوکارییە مرۆییەکان بدات بگەنە خەڵکی ئهو وڵاته. بەردەوام لەبارەی پێشێلی مافەکانی مرۆڤەوە راپۆرتمان پێدەگات و زۆر نیگەرانین. خەڵکی ئەفغانستان زۆریان چەشتووە. شایەنی هەموو هاوکاری و پشتیوانیەکن. رۆژانی داهاتوو زۆر گرنگن و هەموو جیهان چاوی لە ئەفغانستانە."
ههر لهو كۆبوونهوهیهدا، باڵیۆزی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هاوکاری مرۆیی بەپەلەی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی كرد و داوا كرد، وڵاتانی دراوسێ دەرگا بۆ پەنابەرانی ئەفغانستان بکەنەوە.
غوڵام ئیسحاقزای، باڵیۆزی ئەفغانستان لە نەتەوەیەکگرتوەکان گوتی: "من بە ناوی ملیۆنان ئەفغانیەوە قسە دەکەم کە داهاتوویان رووبەرووی چارەنووسێکی نادیار کراوەتەوە. بەناوی ملیۆن کچ و ژنی ئەفغانییەوە قسە دەکەم، کە چیتر ناتوانن بچنەوە قوتابخانەکان و ناتوانن کار بکەن. بەناوی هەزاران سیاسی و رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی و ئەکادیمیەوە قسە دەکەم، کە بەهۆی بەرگریکردنیان لە دیموکراسی ژیانیان کەوتووەتە مەترسیەوە. بە چاوی خۆتان ئەو دۆخە کارەساتبارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابولتان بینی، کە خەڵکی هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان رزگار بکەن. زۆر نیگەرانین لەوەی تاڵیبان رێز لە رێککەوتنەکەی دهوحەش ناگرێت. داوای پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر دەکەین، کە نوێنەرایەتی هەمووانی تێدا بێت و ئەوەی لە 20 ساڵی رابردوو بەدەست هاتووە وێران نەکرێت."
هاوكات له كۆبوونهوهی ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی لهبارهی دۆخی ئهفغانستان، باڵیۆزی ئەمهریکاش لە نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداری دایه تاڵیبان و جهختی كردهوه، ئەگەر هێرش بکرێتەسەر سەرباز و دیپلۆماتکارەکانیان، وەڵامێکی زۆر توندیان دەبێت.
لیندا تۆماس باڵیۆزی ئەمهریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان گوتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە، کە پێویستە خەڵکی سڤیل و رۆژنامەنووسان بەتایبەتی بپارێزرێن. پێویستە هێرش بۆسەر خەڵکی رابگیرێت. ماف و ئازای خەڵکی ئەفغانستان بەتایبەتی کچان و ژنان بپارێزرێن. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین، رێگە نەدەن ئەفغانستان ببێتەوە بنکەی تیرۆریزم لە ناوچەکە و جیهان. داوا لە تاڵیبان دەکەین، رێگە بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بدات بۆ خەڵکی. ئەو ئەفغانیانەی دەیانەوێت بچنە دەرەوە، پێویسته رێگەیان پێ بدرێت بە ئازادی گەشت بکەن. وەك سەرۆك بایدنیش بەڕوونی گوتوویەتی: هەر کارێك ستافە سەربازی و دیپلۆماسیەکانمان بخاتە مەترسییەوە، وەڵامی زۆر توندی سەربازی بەدوادا دێت".
ههروهها ههریهك له نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و روسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایانگهیاند: ئەوەی لە ئەفغانستان روودەدات کارەساتە و پێویستە وڵاتان دژی تیرۆریزم یەکگرتوو بن. داوا دەکەن تاڵیبان پێشێلکارییەکانی بەرامبەر خەڵکی رابگرێت و رێز لە مافی هەموو ئەفغانیەکان بگرێت و دۆخەکە هێور بکاتەوە.
H.B