بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی پەکەکە پێشمەرگەیەک برینداربوو
پەکەکە بۆمب لەسەر رێگای هاووڵاتییان و پێشمەرگە دادەنێتەوە

K24 – هەولێر
چەکدارانی پەکەکە لە سنووری ئامێدی بۆمبێکی چێندراویان لەسەر رێگای هاووڵاتییان و پێشمەرگە داناوەتەوە، بۆمبەکە تەقیوەتەوە و پێشمەرگەیەک برینداربووە.
سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "ئەمرۆ 18/8/2021، لە سنووری قەزای ئامێدی چەکدارانی پەکەکە هەستاون بەدانانی بۆمبێک لە رێگەی هاتووچۆی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە، لە ئەنجامدا بۆمبە چێندراوەکە بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە،و پێشمەرگەیەک بەسوکی برینداربووە".
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: "ئەمە جاری یەکەمی نییە پەکەکە ئەو کردەوانە دەکات و بەردەوامە لەو کارە تێکدەرانە".
راشیگەیاند: "دەمانەوێ رای گشتی و خەڵکی کوردستان ئاگادار بکەینەوە، چەندین جارە پەکەکە ئەم رەفتارانە لە سنووری ئەرکی پێشمەرگە دووبارە دەکاتەوە، بەم رەفتارانەی مەترسی لەسەر سنوورەکان و خەڵکی مەدەنی دروست دەکات".
لە سەرەتای ئەم مانگەش چەکدارانی پەکەکە 65 کیلۆ (تی ئێن تی)یان لەسەر رێگای ئامێدی – دێرەلوک، دانابووەوە، پێش تەقینەوەی لەلایەن تیمێکی ئەندازیاری هێزی پێشمەرگە هەڵگیرایەوە.