لایەنەکانی عێراق بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دژایەتی مافە رەواکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن
بەشێك لە لایەنەکان ناردنی 200 ملیار دیناری حکومەتی عێراقیان بۆ ھەرێمی کوردستان کردووهتە بیانوو
K24 - ههولێر:
دیسانەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دژایەتی مافە رەواکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەشێك لە لایەنە عێراقییەکان دەستیپێکردەوە، بەو ئامانجەی بەم دژایەتییە رای شەقام بۆ لای خۆیان رابکێشن و دەنگی زیاتر بهێنن، لە کاتێکدا بودجە قوتی خەڵکە و پەیوەندی بە بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە نییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، ھیچ کێشەیەکی یاسایی نییە، ئەوەی ھەندێک لایەن دەیکەن، تەنیا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنە و دەیانەوێت دەنگی شەقامی عێراقی بەلای خۆیاندا رابکێشن.
بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بە دژایەتیکردنی کورد دەیانەوێت دەنگ بەدەستبھێنن، جارێکی دیكه ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ ھەرێم بە نایاسایی دەزانن و دەستیان کردووە بە ھێرشکردن بۆ سەر حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت ناردنی بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەك نایاسایی نییە، ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانەش دەیکەن، تەنیا بۆ کۆکردنەوەی دەنگە، بێئاگان لەوی بە ملیاران دۆلار لە عێراق دیار نامێنێت و کەس پرسیار لە بارەوە ناکات، بەڵام بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دێن پەلاماری ھەرێمی کوردستان دەدەن.
سەباح سوبحی، کاندیدە بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ، ئەو پێیوایە ھەندێك فێربوون لە ھەموو بارودۆخێکدا دژایەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام ئەوەی پێویستە بکرێت یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکانە بەرامبەر بەم دەنگانە، لە ھەمووشی گرنگتر دروستکردنی کۆمسیۆنێکی زانستییە لە پەرلەمان، تا بودجە نەبێت بە کارتی فشار بەدەست لایەنەکانەوە و نەتوانن جارێکی دیكه دەست بۆ قوتی خەڵك ببەن.
بەشێك لە لایەنەکان ناردنی 200 ملیار دیناری حکومەتی عێراقیان بۆ ھەرێمی کوردستان کردووهتە بیانوو بۆ لێپرسینەوە لە حکومەتی عێراق، لە کاتێکدا نزیکبووینەتەوە لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەستپێکردنەوەی ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستانیش لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق زیادی کردووە، بەو ئامانجەی لەسەر حیسابی دژایەتیکردنی مافە رەواکانی ھەرێمی کوردستان دەنگی ھاووڵاتیان بۆ خۆیان رابکێشن.
د.ی