وەزیری ناوخۆی فەرەنسا: مافی پەنابەرێتی و شوێنی مانەوە بۆ پەنابەران دابین دەکەین
گەنجێكی كورد: ئەگەر دەوڵەتی خۆمان ھەبوایە رومان لە فەرەنسا نەدەکرد

K24 - ھەولێر
بێرنارد کازێنۆڤ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند وڵاتەکەی کار لەسەر پێدانی مافی پەنابەرێتی و شوێنی مانەوە دەکات بەو پەنابەرانەی رویان لە فەرەنسا کردووە.
کازێنۆڤ لە سەردانێکدا بۆ کەمپێکی پەنابەران لە باکووری وڵاتەکەی لەگەڵ پەنابەران قسەی کرد و گەنجێکی پەنابەری کورد داوای ھاوکاری زیاتری کرد لە وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بۆ پەنابەرانی کەمپەکان، کازێنۆڤ لەوەڵامی گەنجە کوردەکەدا بەڵێنیدا لە پرۆسەیەکی بەردەوام و رێکخراودا مافی پەنابەرێتی و شوێنی مانەوە بە پەنابەران بدرێت.
کازێنۆڤ ئاشکرایکرد کەمپەکان تەنھا بۆ ماوەیەکی کاتین و ھەموو پەنابەرێك شوێنی مانەوەی گونجاوی بۆ دابین دەکرێت.
گەنجە کوردەکە سوپاسی خەڵك و حکومەتی فەرەنسای کرد بۆ ھاوکاری و حەواندنەوەی پەنابەران و گوتی، ئەگەر ئێمە دەوڵەتی خۆمان ھەبوایە رومان لە فەرەنسا نەدەکرد.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا داوا دەکات پەنابەران زیاتردان بەخۆیاندا بگرن چونکە بەگوتەی کازێنۆڤ، رێکخستنی کاروباری پەنابەران کاتێکی زۆری دەوێت تا بەیەکجاری بەشێوەیەکی گونجاو ئامادە دەکرێت و بەڵێنی ھەموو ھاوکاریەکی بە پەنابەراندا.