3 منداڵی ئه‌فغانی له‌ناو فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌دایكبوون

پێنتاگۆن زانیارییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو

ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ئه‌فغانی به‌ فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی ده‌گوازرێنه‌وه‌
ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ئه‌فغانی به‌ فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی ده‌گوازرێنه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

جه‌نه‌ڕاڵ "ستیڤن لایونز"، فه‌رمانده‌ی گواستنه‌وه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، تا ئێستا لانی كه‌م 3 منداڵ له‌ ناو فڕۆكه‌كانی گواستنه‌وه‌ له‌دایكبوون، له‌كاتی جێبه‌جێكردنی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌فغانستان.

لایونز له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "خۆشحاڵم كه‌ هه‌واڵی له‌ دایكبوونی منداڵێكتان له‌ ناو فڕۆكه‌یه‌كی بنكه‌ی "رامشتاین"ی ئه‌ڵمانی پێڕاده‌گه‌یه‌نم، به‌ڵام له‌ راستیدامنداڵی زیاتر له‌ناو فڕۆكه‌ له‌دایكبوون، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانمان تا ئێستا 3 منداڵ له‌دایكبوون، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هه‌ژماریان ناكه‌ین".

ئه‌مه‌ریكا‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول له‌ كشانه‌وه‌ی له‌ ئه‌فغانستان به‌رده‌وامه و ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی ئه‌فغانی له‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌، كه‌ پێشتر له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان و هاوپه‌یمانان كاریان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ ده‌ترسن.

هه‌رچه‌نده‌ واشنتن رایگه‌یاندووه‌، كه‌ تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ ته‌واوی هێزه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان ده‌كشێنێته‌وه‌، به‌ڵام زۆری ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییه‌ ئه‌فغانییانه‌ی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كابول-ن، تاڵیبانی نیگه‌ران كردووه‌، بۆیه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ هیچ ماوه‌یه‌ك بۆ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا درێژناكه‌نه‌وه‌ و ده‌بێت له‌ واده‌ی دیاریكراودا وڵاته‌ جێبهێڵن.

 

د.ی