رەوتی سەدر: مەحاڵە مالیکی ببێتەوە سەرۆک وەزیران

هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا: دیاریکردنى پرسی ویلایەتى سێیەمى نوری مالیکى بەپێی ئەنجامى هەڵبژاردن دەبێت

نوری مالیکی
نوری مالیکی

K24 - هەولێر

رەوتی سەدر پرسی ویلایەتی سێیەمی نوری مالیکی بە مەحاڵ دەزانێت و دەوڵەتی یاساش دەڵێ، بەپێی ئەنجامى هەڵبژاردن و رێژەى بەشدارى دەبێت.

بەهائەدین نورى، گوتەبێژ بەناوى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاساوە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دیاریکردنى پرسی ویلایەتى سێیەمى نوری مالیکى بەپێی ئەنجامى هەڵبژاردن و رێژەى بەشدارى دەبێت، کە نەخشەى پرۆسەى سیاسی لە قۆناغى داهاتوودا دیاریدەکات".

لە بەرامبەردا عەواد عەوادى، پەرلەمانتارى سەر بە هاوپەیمانى سائیرون، بیرۆکەى ویلایەتى سێیەمى مالیکى بە مەحاڵ ناوبرد و سەردەمی مالیکى بە زۆر خراپ لە هەموو روویەکەوە ناوبرد.

ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە سبەی سەرجەم لایەنە سەرەکییەکانی شیعە، لەسەر چارەنووسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆببنەوە.

هەرچەندە کومسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری 2021ی وەک رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دیارکردووە، بەڵام تائێستا ناکۆکی لەنێوان لایەنە عێراقییەکان هەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و 25 لایەن و قەوارەش کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکە راگەیاندووە. موقتەدا سەدر، کە هەر زوو رایگەیاند بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ناکەن، لە نوێترین کاردانەوەیدا پێشنیازی کردووە، هەڵبژاردن بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دوابخرێت.

Fly Erbil Advertisment