پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی سی و سێ ساڵەی ئەنفالی بادینان
"گەلی كوردستان لەبەرانبەر ئەم كۆمەڵكوژییه خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون، كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو"

K24 - ههولێر:
سهرۆك مهسعود بارزانی، له یادی ئهنفالی بادینان له پهیامێكدا رایگهیاند، سی و سێ ساڵ لەمەوبەر رژێمی پێشووی عێراق لە تاوانێكی تر و لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و راگواستن كردەوە.
له پهیامهكهی سهرۆك بارزانی-دا هاتووه: گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و لەبەرانبەر ئەم جینۆساید و كۆمەڵكوژی خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون، كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو.
دهقی پهیامهكهی سهرۆك بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سی و سێ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشووی عێراق لە تاوانێكی تر و لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و راگواستن كردەوە. لەو تاوانەدا حكومەتی عێراقی سەدان هەزار هێزی پڕچەكی لەدژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكارهێنا.
ئەم تاوانە درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو، كە لە سەدەی رابردوو دژی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و تەواوی كوردستان بەڕێوەچوو.
دوژمنانی گەلی كوردستان بەبەرچاوی هەموو جیهان پێشكەوتووترین چەك و قێزەوەنترین سیاسەتیان بۆ قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردستان بەكارهێنا. بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و لەبەرانبەر ئەم جینۆساید و كۆمەڵكوژی خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون، كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو. ئەمە وانەیەكی پڕمانایە هەم بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان.
لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەنێرین و پێداگری لەسەر مافە رەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە. پێویستیشە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات، كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە.
مسعود بارزانی
25ـی ئابی 2021