داعش به‌به‌رگێكی نوێوه دێته‌وه
سه‌ركرده‌یه‌كی "داعشی خوراسان" له چاوپێكه‌وتنێكدا بنیاتنانی خه‌لافه‌ته‌كه‌یان باس ده‌كات

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
سه‌ركرده‌یه‌كی داعش - خوراسان له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ "كلاریسا وارد" رۆژنامه‌نووسی به‌توانای "سی ئێن ئێن"، به راشكاوی ده‌ڵێت: "له‌دوای پاشه‌كشێی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان خه‌لافه‌ته‌كه‌مان بنیاتده‌نێین له ئاسیا، كه خه‌لافه‌تی خوراسان-ه و ده‌بنه پردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام)، كه ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی دامه‌زرێنه‌ری بووه".
سنووری خه‌لافه‌تی خوراسان له چین و قرقیزستانه‌وه و ئوزبه‌كستانه‌وه به‌ره‌و تاجیكستان و پاكستان و توركمانستان تا ئیران درێژده‌بێته‌وه.
دوو هه‌فته پێش هێرشی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی كابول له رۆژی (26ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) و ته‌نیا رۆژێك پێش كه‌وتنی كابول له‌سه‌ر ده‌ستی تاڵیبان، خاتوو "كلاریسا وارد" رۆژنامه‌نووسی "سی ئێن ئێن" له په‌یوه‌ندیدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسێكی رێكخراوی داعش- خوراسان، پێشی ده‌ڵێت كه گروپه‌كه‌یان چاوه‌ڕێی ساتێكه بۆ هێرشكردن.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی داعش - خوراسان داوای له خاتوو "كلاریسا وارد" كردووه كه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یان له هۆتێلێكی كابول بێت، ئه‌و گوتویه‌تی: "هیچ كێشه‌یه‌كم نییه له رۆیشتن به‌ناو خاڵی پشكنین و راسته‌وخۆ گه‌یشتن به پایته‌خت".
بۆ تۆماركردنی را و بۆچوونه‌كانیشی ئه‌و داوایه‌ی هه‌بووه، كه روخساری ده‌رنه‌كه‌وێت، كه دێته كابول. كلاریسا ده‌ڵێت: "داواكه‌ی عه‌بدولمنیر-م جێبه‌جێكرد".
عه‌بدولمنیر، سه‌ركرده‌یه‌كی رێكخراوی داعش - خوراسان له "كونار" كه به دڵی گرووپه‌كه‌یان داده‌نرێت، 239 كیلۆمه‌تر له كابول-ه‌وه دووره. عه‌بدولمنیر مه‌رجی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد به‌و مه‌رجه‌ی "سی ئێن ئێن" ناسنامه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كات.
له‌یه‌كێك له هۆتێله‌كانی كابول، پێیگوتووه كه 600 جه‌نگاوه‌ر له‌ژێر ركێف و بڕیاری ئه‌ودا كارده‌كه‌ن، له‌نێویاندا هیندی و پاكستانی و ئه‌فغانی و ئاسیای ناوه‌ند-ی تێدایه، گوتیشی: "هاوشێوه‌ی جه‌نگاوه‌ری پیاده له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تاڵیبان-دان بۆ شه‌ڕكردن، به‌ڵام له‌ژێر كاریگه‌ی باوه‌ڕێكی دیكه‌دان".
عه‌بدولمنیر گوتی: "ئێمه له ریزه‌كانی تاڵیبان كارده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وان له رووی ئیمانه‌وه سه‌ر به ئێمه نین، بۆیه پێمانباشه وه‌ك داعش كاربكه‌ین".
كاتێك "كلاریسا" لێی ده‌پرسێت، كه پێتانوایه تاڵیبان وه‌ك ئێوه ره‌ق نین له جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌تدا، له‌وه‌ڵامدا گوتی: "ناتوانین وه‌ك یه‌ك ئه‌رك پێشكه‌شبكه‌ین، له رووی جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه وه‌ك ئێمه كارناكه‌ن، هه‌ر وه‌ك بڕینی ده‌ستی دز له‌كاتی دزیكردن، ره‌جمكردنی ئه‌وه‌ی زینا ده‌كات تا مردن، ره‌جمكردنی بكوژ تا مردن".
ئاشكراشی كرد، "ناتوانن سزا جێگیره‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام جێبه‌جێ بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه‌دان و ئه‌وان پلانی خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن".

عه‌بدولمنیر ده‌ڵێت: "له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه نامانه‌وێت پلانی كه‌سی دیكه جێبه‌جێ بكه‌ین، ته‌نیا ده‌مانه‌وێت شه‌ریعه‌ت جێبه‌جێ بكه‌ین". ئه‌و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێت: "هه‌ركه‌سێك له‌گه‌ڵمان بێت له‌مه‌ودوا ئه‌وا برامانه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵمان نه‌بێت؛ ئه‌وا جه‌نگ له‌دژی به‌رپا ده‌كه‌ین، جا تاڵیبان بێت یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه".
كاتێك "كلاریسا" لێی پرسی: "ئایا له سێداره‌دانی ئاشكرا و ته‌قینه‌وه‌ی خۆكوژی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن". عه‌بدولمنیر گوتی: "بێگومان له‌به‌رئه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریی ئێمه پڕه له‌وه و چه‌ندین دیمه‌نم له‌وانه پێشكه‌شكردووه، یه‌كێك له بیره‌وه‌رییه‌كانم تاڵیبانه پاكستانییه‌كانه، كه هاتنه ناوچه‌ی نازیان، له‌میانی جه‌نگین له‌گه‌ڵیان 5 كه‌سمان لێده‌ستگیر كردن، جه‌سووری زیاد له پێویستی جه‌نگاوه‌ران وایان كرد به ته‌ور ملیان بپه‌ڕێنم".
له‌م ساڵانه‌ی دوایدا ئۆپه‌راسیۆنی هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له كۆنار و ننجرهار، بێ به‌زه‌ییانه له‌م گرووپه‌یان داوه، بۆیه كاتێك "كلاریسا" پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ‌كرد، ئایا كه‌وتوونه‌ته جه‌نگه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا؟ ئه‌و له وه‌ڵامدا گوتی: "به‌ڵی له‌كاتی دابه‌زین به فڕۆكه له ئاتشین له كۆنار و چه‌ندین جار رووبه‌ڕوویان بوینه‌ته‌وه له شه‌ڕدا به‌چه‌كی قورس".
سه‌ركرده‌كه‌ی داعش - خوراسان، دانبه‌وه‌دا نانێت كه هێرشی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامبده‌ن و ده‌ڵێت: "ئه‌م حاڵه‌ته له‌سه‌روو منه‌وه بڕیاری لێده‌درێت، من به‌رپرسم له ئه‌فغانستان".
عه‌بدولمنیر پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، كه له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان و فراوانبوونی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان ئه‌وان سنووری كاریان فراوان ده‌كه‌ن. گوتیشی: "له‌به‌رنامه‌ماندایه له‌بری كاری ئێستامان كه په‌ناگیریی و خۆمه‌ڵاسدانه، بگۆڕێت بۆ به‌سه‌ربازكردنی گه‌نجان، كاتێك بێگانه له وڵاته‌كه‌مان ده‌ره‌چن، ده‌توانین هه‌مواری كاره‌كانمان بكه‌ینه‌وه".
ئێستا جیهان تێگه‌یشتووه، كه له هه‌ر ساتێك‌دا بێت و له‌هه‌ر شوێنێك بێت داعش - خوراسان هێرشی خۆی ئه‌نجام ده‌دات، هه‌رچه‌نده عه‌بدولمنیر گرنگیده‌ر نییه به‌وه‌ی كه هێرشه‌كانیان به‌رنه ده‌ره‌وه‌ی سنووری خه‌لافه‌تی خوراسان، به‌ڵام ئومێدیان وایه له‌دوای پاشه‌كشێی ئه‌مه‌ریكا كاری خه‌لافه‌ته‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن و په‌یوه‌ندی به شام و عیراقه‌وه بكه‌ن.
ئێستا زۆربه‌ی توێژه‌ره‌وه‌كانی تیرۆر پێیانوایه ته‌مه‌نی داعش - خوراسان له 5 ساڵ تێپه‌ڕی نه‌كردووه، به‌ڵام توانای هێرشی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه. هێرشی خوێناوی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی كابول له (26ی ئاب) جه‌ختكردنه‌وه‌یه له پرسیارێكی راسته‌قینه، كه ئایا تاڵیبان توانای ده‌شكێت به‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی داعش - خوراسان و جارێكی دیكه ناوچه‌كه ناكه‌نه مۆڵگه‌ی تیرۆریستان.
دیڤد گارتنشتاین روس، شیكه‌ره‌وه‌ی پسپۆڕی تیرۆر له رێگه‌ی "ئه‌ی بی سی نیوز"ه‌وه باسی له‌وه‌كرد، كه له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌و گرووپه ده‌یان كاری خۆكوژیان ئه‌نجامداوه. گوتیشی: "تاڵیبان دوژمنێكی كرمۆكه‌یی داعش- خوراسانه، چونكه ئه‌و ناوچانه‌ی كه داعش -خوراسان كۆنترۆڵیان كردووه، تاڵیبان ده‌ستی پێناگات".

تاڵیبان ده‌بێت بكه‌وێته ژێر ركێفی داعش- خوراسان، ئه‌گه‌ر نا تووشی پێكدادان ده‌بن له‌گه‌ڵیان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی نێو تاڵیبان مه‌یلی داعش- بوونیان هه‌یه، هه‌رچه‌نده له رووی فیقهه‌وه سه‌ر به‌مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فین، هه‌روه‌ها له رووی عه‌قیده‌وه تاڵیبان سه‌ر به مه‌زهه‌بی ماتوریدین، به‌ڵام داعش -خوراسان سه‌ر به مه‌نهه‌جی سه‌له‌فی جیهادین.
له‌ماوه‌ی رابردوودا داعش- خوراسان ده‌ستی نه‌پاراستووه له خه‌ڵكی مه‌ده‌نی وه‌ك مه‌نهه‌جی خۆیان ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان نه‌بێت هێرش ده‌كه‌نه سه‌ری. له مانگی (ئایار/ مایۆی 2021) داعش - خوراسان هێرشێكی تیرۆریستی كرده سه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی كچان و له‌ئه‌نجامدا بووه هۆی كوژرانی 85 كه‌س، كه زۆربه‌یان كچ بوون.
له مانگی (حوزه‌یران/ یۆلیۆی 2021) هێرشێكی دیكه‌یان كرده سه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌ریتانی- ئه‌مه‌ریكی بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین، كه بووه هۆی كوژرانی 10 كه‌س.

داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام) - ویلایه‌تی خوراسان-ی به‌ناوی (ISIS-K) ناساندووه، له ساڵی 2015، داعش له سووریاوه گرووپێكی راگه‌یاند، كه "حافز سه‌عید خان" جه‌نگاوه‌ری پێشووی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان-ی پاكستان-ی كرده خه‌لیفه‌ی داعش- خوراسان، دوای ئه‌وه‌ی به‌یعه‌تیدا به "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی"، به‌ڵام "خان" له رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكییه‌وه له (حوزه‌یران/ یۆلیۆی 2016) كوژرا.
خه‌لیفه‌كانی داعش-خوراسان له 2015 تا ئێستا كه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه كوژراون، ئه‌مانه‌ن:
- حافز سه‌عید خان (شوبات 2015-ته‌مموز 2016)
- عه‌بدولحه‌سیب لۆجاری (ته‌مموز 2016-نیسان 2017)
- عه‌بدولره‌حمان غالب (نیسان 2017- ته‌مموز 2017)
- ئه‌بو سه‌عید ئیرهابی (ته‌مموز 2017-ئاب 2018)
- زیائی حه‌ق (ئاب 2018- نیسان 2019)
- عه‌بدوڵڵا ئوروكزای (نیسان 2019-نیسان 2020)
- شه‌هاب مهاجر (نیسان 2020- تا ئێستا)