بەهۆی تەقینەوەیەک لە داقوق چەند کرێکارێک کوژران و برینداربوون
تەقینەوەکە لە رێگەی بۆمبێکی چێنراو بووە

K24 - کەرکووک
لە گوندی سەمادەی باشووری داقوق لەکاتی ئیشکردن لە پڕۆژەیەک بۆمبێکی چێنراو بەژمارەیەک کرێکار دەتەقێتەوە، لەئەنجامدا کرێکارێک گیانی لەدەستداو سێی دیکەش برینداربوون.
لویس فەندی، قایمقامی داقوق بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک کرێکار، دوای هاتنیان بۆ سەرکار لە پڕۆژەیەکی گوندی سەمادە بۆمبێکی چێنراو پێیاندا تەقییەوە، لە ئەنجامدا کرێکارێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش بەسەختی بریندار بوون".
قایمقامی داقوق، گوتیشی: "بۆشایی ئەمنی لە سنوورەکە هەیە و داعش ئەمەی بە دەرفەت زانیوە، بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و هێرشکردنەسەر هێزە ئەمنییەکان".
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆشاییەکی زۆری ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروستبووە، ئەمەش وایکردووە داعش لەو ناوچانە چالاکییەکانیان چڕبکەنەوە و بەردەوام هێرش بکەنەسەر هاووڵاتییان و هێزە ئەمنیەکان.