"ئەوان ژیانی خۆیان بۆ ئێمە لەدەستدا"
پهرلهمانتارێكی نهرویج گلەیی لە میدیای نەرویج و کۆمەڵگای نێودەڵەتی دەکات و ستایشی كورد دهكات

K24 – ئهوروپا:
پەرلەمانتاری پەرلەمانی نەرویج ''یان بۆهلەر''، له بارەی ئاڵۆزییەكانی ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان و دۆخی رۆژئاوای كوردستان، گلەیی لە میدیای نەرویج و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکات و لە هەژماری تایبەتی خۆی له فەیسبووك نووسیویهتی: "هەندە کات بەسەر ئەوەدا تێنەپەڕیوە، کە هەموو وڵاتانی رۆژئاوا بینیان چۆن هێزی پێشمەرگە، هێزی دڕندەی داعشی لە عێراق و سووریا وەستاند، بینیمان چۆن هەمووان سەر لەسەر ملیان رایان دەکرد".
گوتیشی: "لە ناو شاری کۆبانی یەکێك لە رووبەڕووبوونەوە سەختەکان روویدا، ئەی ئێستا چی ڕوودەدات؟ کوردەکانمان جێهێشت خۆیان پارێزگاری لە خۆیان بکەن، لەکاتێکدا دەیانەوێت کوردستانێکی دیموکرات ئاوا بکەن، لەو ناوچانە، داعش و چەندین گرووپی ئیسلامی ههن".
یان بۆهلەر، لە نووسینەکەیدا بەردەوام دەبێت و دەنووسێت: هەفتەی پێشوو کۆبانی بە درۆنی تورکیا هێرشی کرایەسەر، کەواتە خەڵکانێکیش ژیانی خۆیان لەدەستدا. ئەمە سوپاسگوزارییە بۆ دانیشتوان و شارێک، کە لە ریزی پێشەوە بوون و لە شەڕی دژی داعش قوربانی گەورەیاندا. تورکیا رۆژانە بۆردومانی ناوچە کورییەکان دەکات و تەنانەت یەك وشەش نانووسرێت، خەڵکی ئەو ناوچانە لەناو ترس و دڵەڕاوکێی بۆردومانی داهاتوودا دەژین. تەنانەت یەک وشەش نییە لە رۆژنامەکانی نەرویجدا باس لەو کارەساتە بکات، ناڕەزایی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو کردارانە ناخوێندرێتەوە. بەو شێوەیە چاکەی ئەو کەسانە دەدەینەوە، کە هەموو جیهانیان لە خەلیفە و داعش رزگارکرد؟.
ئەو پەرلەمانتارە نەرویجییە بە بیری خەڵکی دێنێتەوە، کە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە زیان بە خەڵك و خاکی کوردستان کەوتووە و دەنووسێت: بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لەسەر سنوورەکان، لە ساڵی (2020)ـهوە زیاتر لە (200) گوند چۆڵکراون و بەشێکی زۆری و زەویش سوتێنراون و باخی سەوزە و میوەهاتەکانیش دەسوتێنرێن، تا دەگاتە ناوچە کوردستانییەکان، هێزەکانی تورکیا زۆربەی رێڕەوە ئاوییەکانیان تێکداوە، عەفرین لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە، کوردەکان زۆر جار رووبەڕووی رفاندن دەبنەوە لەلایەن گرووپە ئیسلامییەکانەوە و ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن، تورکیا تەنانەت رێگرنییە لەوەی گرووپە ئیسلامییەکان بە سەربەستی لەو ناوچانە چالاکی بکەن و ترس و تۆقاندن بڵاوبکەنەوە.

بۆچی تورکیا ئەو هێرشانە دەکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ کاردانەوەیەکیان نییە؟ پارتەکانی ناو حکومەتی کوردستان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دوور دەگرن و داوای هاوکاریان لێناکەن، گەر مەبەستەکە راگرتنی پەکەکەیە لە چالاکی، دەبێت تورکیا داوا بکات چارەسەری بدۆزنەوە، نەك هێرش بکاتە سەر کوردستان.
لە کۆتایی نووسینەکەیدا "یان بۆهلەر" دووبارە بەبیر خەڵکی دێنێتەوە، کە نابێت دڵی کوردەکان بڕەنجێندرێت: "بەبۆچوونی من، ئێمە هەموومان قەرزداری کوردین و دەبێت حکومەتی نەرویج پاڵەپەستۆ بخاتە سەر تورکیا لە ڕێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەڵێ ئێمە ئەندامین لە ناتۆ وەک چۆن تورکیاش ئەندامە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت، کە بتوانین دڵی گەلی کورد کە قوربانیانداوە دژی شەڕی داعش بڕەنجێنین".
بۆهلەر، لە ساڵی (2005)ـهوە ئەندام پەرلەمانی سویدە و 12 ساڵ بەرپرسی رێکخستنەکانی پارتی کارکەربووە لە ئۆسلۆی پایتەخت، ئێستاش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە لە 13ی مانگ بەڕێوەدەچێت، کاندیدی پارتی سەنتەرە لە ئۆسلۆ. دۆستێکی نزیکی کوردە و لە زۆربەی چالاکی و بۆنە کوردییەکاندا بەشدار دەبێت و بە یەکێک لە داکۆکیکارەکانی دۆزی کورد هەژماردەکرێت و پشتگیری تەواوی ریفراندومی سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و لە چالاکی و ئاهەنگەکاندا بەشدار بووە.