ئه‌مه‌ریكا: ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ عێراقێكی یه‌كگرتوو و كوردستانێكی به‌هێز

جۆی هوود: داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە گشتی روونە

جۆی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا
جۆی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا

K24- هه‌ولێر:

جۆی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگه‌یاند، داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی روونە و ئیداره‌ی بایدن پابه‌نده‌ به‌ عێراقێكی یه‌كگرتوو و هه‌روه‌ها كوردستانێكی به‌هێز.

جۆی هوود له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا له‌ واشنتنه‌وه‌ بۆ كوردستان24 گووتی: لە دوو مانگی رابردوودا دوو جار سەردانی هەولێرم کردووە و لەوێ کارمان لەسەر ئەو بابەتانە کردووە، کە بۆ ئیدارەی ئەمه‌ریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگن.

جۆی هوود دووپاتیشی كرده‌وه‌،‌ ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی لە رێککەوتنی شنگال کردووە و دەمانەوێت 100% ئه‌و رێككه‌وتنه‌ جێبەجێ بکرێت، بەڵام حەشدی شەعبی و پەکەکە گوێ بە حکومەتی عێراق نادەن و پێویسته‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ کوردستان24 جۆی هوود، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی له‌سه‌ر پابەندی ئیدارەی جۆ بایدن بەرامبەر هەرێمی کوردستان و عێراق كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، لە دوو مانگی رابردوو دوو جار سەردانی هه‌ولێرم كردووه‌ کارمان لەسەر ئەو بابەتانە کردووە، کە بۆ ئیدارەی ئەمه‌ریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگن.

جۆی هوود له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ كوردستان24 گوتی: "پێموایە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە گشتی روونە. چونکە پابەندیین بە عێراقێکی سەقامگیر و یەکگرتوو و هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و خۆشگوزەران. ئەم سیاسەتەش هەر لە سەرەتای ئیدارەی سەرۆك بایدنەوە زۆر روون بووە و بە هەموو جیهانی نیشانداوە، هەر لە گفتوگۆکانی ستراتیژییەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێك بووە تێیاندا، هەتا سەردانەکانم بۆ هەولێر، کە لە دوو مانگی رابردوودا دوو جار سەردانی هەولێرم کردووە و لەوێ کارمان لەسەر ئەو بابەتانە کردووە، كه‌ بۆ ئیدارەی ئەمه‌ریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگن".

جۆی هوود ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، رۆژ دوای رۆژ وەبەرهێنان و بزنس و پێشکەوتنی ئابووری له‌ هەرێمی کوردستان گەشە دەکات، هۆکارەکەشی بۆ ئازایەتی و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی گه‌ڕانده‌وه‌، کە توانیویەتی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بپارێزێت و دەرفەت بۆ وەبەرهێنان بڕەخسێنێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا دووپاتیكرده‌وه‌، "پێموایە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان خۆیان سەلماندوویانە، هەر لە شەڕی تیرۆرەوە تا پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، ئەمەش وایکردووە بزنس و وەبەرهێنان روو لە ناوچەکە بکات و ببوژێتەوە. ئێمە پرۆگرامێکی چڕ و پڕی راهێنان و راوێژمان هەیە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیش دەبین. سەرۆك بایدن هەر لە سەرەتاوە زۆر روون بووە و گوتوویەتی: ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە و پێکەوە شەڕی داعش دەکەین. جیا لەوەش لەرووی کلتوورییەوە وەبەرهێنان کراوە، بۆ نموونە زانکۆکانی ئەمه‌ریکا لە دهۆك و سلێمانی و زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر، کە بۆ برەودانه‌ بە شێوزای ئەکادیمی ئەمه‌ریکی و ئامادەکردنی قوتابیان بۆ بازاڕی کار، کە لە بەرژوەندی ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستانە".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا داواشی كرد، پەکەکە شنگال چۆڵ بکات و رێگە بدات خەڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا گوتی: "ئێمە پشتیوانیمان لە رێککەوتنی شنگال کردووە و دەمانەوێت سەد لە سەد جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەو رێککەوتنە تاکە رێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشایش و ئارامی لە ناوچەکە و دواجار گەرانەوەی خەڵکی بۆ ناوچەکەیان، بەڵام حەشدی شەعبی و پەکەکە گوێ بە حکومەتی عێراق نادەن. وەك دەزانن ئەمه‌ریکا پەکەکەی وەك گروپێکی تیرۆریستی ناساندووە و داوایان لێدەکەین، واز لە چالاکییە تیرۆریستیەکانیان لە ناوچەکە بهێنن و لە شنگال بچنە دەرەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەری عێراقیش، یاریدەدەی وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ رۆژهەڵاتی نزیك دڵنیایی ئه‌وه‌ی دا، کە وڵاتەکەی و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکان بە وردی چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن و داوا دەکه‌ن، خەڵکی عێراق بە دەنگەکانیان گۆڕانکاری لە وڵاتەکەیاندا بکەن.

H.B

Fly Erbil Advertisment