ئهمهریكا: لەو بابەتانەی بۆ ئێمە گرنگن كەناڵەکانی پەیوەندیمان لەگەڵ تاڵیبان دەهێڵینەوە
ههفتهی داهاتوو كۆبوونهوهیهك بهبهشداری 20 وڵات لهبارهی ئهفغانستان بهڕێوهدهچێت
K24- ههولێر:
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا رایگهیاند: هەفتەی داهاتوو بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی 20 وڵات، کۆبوونەوەیەكی تایبەت بە دۆخی ئەفغانستان بەرێوەدەبەن و ئامانج لێی پابەندکردنی بزووتنهوهی تاڵیبانە بە بەڵێنەکانیەوە و گوتیشی: لەگەڵ تورکیا و قەتەر لە هەوڵدان بۆئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا فرۆکەخانەی حامد کارزای لە کابوڵ بەگەڕبخەنەوە.
وهك وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا رایگهیاند، "رۆژی یەکشەممە دەچمە دهوحە و لەوێ چاوم بەسەرکردەکانی قەتەر دەکەوێت بۆ گەیاندنی سوپاسگوزاری ئەمهریکا بۆ ئەو هەمووکاریەی لە پرۆسەی گواستنەوەی خەڵکی لە ئەفغانستانەوە ئەنجامیاندا".
بلینكن ئاشكرایكرد، "هەر لەو وڵاته چاوم به هاوڵاتیانی ئەفغانستان دەکەوێت، کە ئێستا کاریان بۆ دەکرێت بۆئەوەی بگوازرێنەوە بۆ ئەمهریکا. سوپاس و دەستخۆشیش لە ستافی وەزارەتی دەرەوە دەکەم، بۆ ئەو کارەی لەم پرۆسە زۆر سەختەدا ئەنجامیاندا".
ههروهها گوتی: "لەوێشەوە دەچمە بنکەی ئاسمانی رامستاین لە ئەڵمانیا، دواتر لەگەڵ هەیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆدەبمەوە و لەوێشەوە لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی 20 وڵات کۆبوونەوەیەکمان دەبێت تایبەت بە دۆخی ئەفغانستان و داهاتووی ئەو وڵاتە و پابەندکردنی تاڵیبان بە بەڵێنەکانیەوە".
ئاماژهی بهوهشدا، "كەناڵەکانی پەیوەندیمان لەگەڵ تاڵیبان دەهێڵینەوە لەو بابەتانەی بۆ ئێمە گرنگن، وەك: رێگەدان بەو کەسانەی دەیانەوێت وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن".
باسی ئهوهشیكرد، "لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان له قەتە و تورکیا کاردەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین فرۆکەخانەی کابوڵ لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستبەکار بکاتەوە."
H.B