فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی کوژرا
لە باکووری پارێزگای بابل بۆمبێک بە هێزەکانی حەشدا دا تەقییەوە

K24 - هەولێر
بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە لە باکووری پارێزگای بابل فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی کوژرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی، لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکەوە لە ناوچەی عوێسات سەربە شارەدێی جەرفولسەخر لە باکووری پارێزگای بابل، حەسەن کەریم حەسەن، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە کوژرا و دوو لە پاسەوانەکانی برینداربوون.
داعش رۆژانە لە چەند ناوچەیەکی عێراق کردەوەی تیرۆرستی دەکات، دوێنێش لە دوو هێرشی جیای داعش لە کەرکووک و نەینەوا، 16 ئەندامی هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی و سەربازی سوپا کوژران.
لەلایەکی دیکەوە، مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کرد و رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییە تاوتوێکران.