عێراق: 50 هه‌زار تۆمه‌تبار به‌ تیرۆر له‌ زیندانه‌كاندان

ژماره‌ی تیرۆریسته‌ زیندانیكراوه‌كان گه‌یشته‌ 50 هه‌زار، نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌

سزای له‌سێداره‌دان له‌ عێراق
سزای له‌سێداره‌دان له‌ عێراق

K24- هه‌ولێر:

ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، ژماره‌ی زیندانیانی به‌ تۆمه‌تی تیرۆر بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ به‌شێكی زۆریان سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌، به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراون.

وه‌زاره‌تی دادی عێراق رایگه‌یاند، (50) هه‌زار به‌ندكراو به‌ تۆمه‌تی تیرۆر له‌ به‌ندیخانه‌كانی عێراقدان، كه‌ نیوه‌یان سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌.

ئه‌حمه‌د لعێبی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دادی عێراق، راشیگه‌یاند، ژماره‌ی تیرۆریسته‌ حوكمدراوانه‌ گه‌یشته‌ (50) هه‌زار، نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ش سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌.

روونیكرده‌وه‌، به‌ هۆكاری ده‌رنه‌چوونی مه‌رسوومی كۆماری، جێبه‌جێكردنی سزای له‌ سێداره‌دان دوا كه‌وتووه‌، كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و زیندانیانه‌ سه‌ر به‌ رێكخراوی داعشن و عێراقی و عه‌ره‌ب و بیانین.

جه‌ختیكرده‌وه‌، كاتێك مه‌رسوومی كۆماریان بۆ ده‌رده‌چێت، یه‌كڕاست له‌ سێداره‌ ده‌رێن، به‌شێكیشیان دۆسیه‌كانیان ته‌واو نه‌بووه‌ و یاخوود دراوه‌نه‌‌ته‌ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه.

روونیشیكرده‌وه‌، تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی دۆسییه‌كان، سزای له‌ سێداره‌دان دواده‌خات، به‌م هۆیه‌وه‌ تیرۆریستان له‌ به‌ندیخانه‌كان ده‌هێڵدرێنه‌وه‌.

سه‌رۆكی لێژنه‌ی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ حكومییه‌كان و پلانه‌ ستراتیژییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند، پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار خێرا بێت له‌ ده‌ركردنی مه‌رسوومی كۆماری بۆ جێبه‌جێكردنی سزای له‌ سێداره‌دان به‌سه‌ر تیرۆریستاندا.

ئاماژه‌یپێكرد، ئه‌و سزایانه‌ی كه‌ ده‌رهه‌ق به‌و تاوانبارانه‌ ده‌رچووه‌، به‌ گوێره‌ی یاساكانی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌، ناكرێت به‌هۆی بڕیارێكی سیاسی یاخوود ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی، مه‌رسووم بۆ ئه‌و تاوانبارانه‌ ده‌رنه‌چێت.

سه‌رچاوه‌: ئیلاف

ك.ب