مه‌لا مسته‌فا بارزانی كاری كردووه كه كورد وه‌ك سیمرخ له خۆڵه‌مێشی خۆیه‌وه ژیان دروست بكاته‌وه
ئیمساعیل بێشكچی
K24- هه‌ولێر:
له هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی كوردستان24، ئیسماعیل بێشكچی، نووسه‌ر و کۆمه‌ڵناسی تورك و دۆستی گه‌لی کورد باس له سه‌رده‌می هه‌لگیرسانی شۆڕشی ئهیلوول ده‌كات و چیرۆكی چۆنیه‌تی چه‌كه‌ره‌كردنی بڵێسه‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئهیلوول له ساڵی 1961 هه‌ر له زاخۆوه تا دواخاڵی خاكی كوردستان له باشوور ده‌كات و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، كه چۆن دهنگوباسی ئه‌و شۆڕشه له باكووری كوردستانیش ده‌نگی دایه‌وه و ئه‌و شۆڕشه چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش هه‌بوو.
له هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌دا بێشكچی وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی كوردستان24 ده‌داته‌وه و سه‌ره‌تا باس له چۆنیه‌تی گه‌یشتنی دهنگوباسی شۆڕشی ئه‌یلول بۆ توركیا ده‌كات، دواتر باسی ئه‌و دۆخه سه‌خته ده‌كات، كه مه‌لا مسته‌فا بارزانی شۆڕشی تێدا به‌رپا كرد و رۆڵی شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانیش له‌و بڕگه‌یه‌دا زه‌ق ده‌كاته‌وه.
هاوكات باس له‌و دژایه‌تییه‌ش ده‌كات، كه وڵاتانی ناوچه‌كه و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی به‌رامبه‌ر به‌ر شۆڕشی گه‌لی كورد هه‌یانبوو، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا باس له سه‌رده‌می دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد ده‌كات.
هه‌ر له وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا ئه‌و سیاسه‌تمه‌داری توركه باس له كاریگه‌ری جوگرافیا و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان له‌سه‌ر شۆڕشی كوردستان ده‌كات، كه چۆن دوای گه‌ڕانه‌وه له به‌غدا، مه‌لا مسته‌فا بارزانی به پشتبه‌ستن به خه‌ڵكی كوردستان خه‌بات و به‌رخودانی كرد.
ئیسماعیل بێشكچی ئاماژه به كاریگه‌ری وڵاتانی دراوسێش له‌سه‌ر دۆزی كورد ده‌كات و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ پاڵپشت و پشتیوانێكی نه‌بوو و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌راوردێك له‌نێوان دۆزی كورد و فه‌له‌ستین ده‌كات، كه له‌ڕووی پشتیوانییه‌وه چه‌نده جیاوازن، به‌ڵام هه‌رگیز كورد ئاماده‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان نه‌بووه.
سه‌باره‌ت به گۆڕینی دیدگا و ئاراسته‌كه‌شی به‌رامبه‌ر به‌كورد، بێشكچی چیرۆكێكی راسته‌قینه‌ی خۆی له سه‌رده‌می سه‌ربازیدا ده‌گێڕێته‌وه، كه ئه‌وه‌ی به چاوی خۆی بینیوه، ته‌واو جیاواز بووه له‌وه‌ی كه له توركیا له‌باره‌ی كورده‌وه بۆی گێڕدراوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماژه به سهروسهربردهیهك ده‌كات و له ناوه‌ڕۆكی ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا هه‌موو ورده‌كاریه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.
ناوه‌ڕۆكی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ی كوردستان24، له‌گه‌ڵ ئیسماعیل بێشكچی، نووسه‌ر و کۆمه‌ڵناسی تورك و دۆستی گه‌لی کورد:
1- بۆ یه‌كه‌مجار چۆن دهنگوباسی شۆڕشی ئه‌یلوولی كوردستان له ساڵی 1961 به‌ئێوه گه‌یشت؟
ئيسماعيل بێشكچی:
من له ساڵی 1983 له گه‌ڤه‌ڕ سه‌رباز بووم. ئه‌وكات تێكۆشانی مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ئارادابوو. ئێمه‌ش له‌سه‌ر سنوور بووین. هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئه‌و خه‌باته، توركیاش یه‌كینه سه‌ربازییه‌كانی له‌سه‌ر سنوور بههێزكردبوون. بۆ نموونه چه‌ند هێزێكی پیاده‌ی له باره‌گاكانی بلیس، مووش و ئه‌رجیش ره‌وانه‌ی سه‌ر سنوور كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كینه سه‌ربازییه‌كانی له‌سه‌ر سنوور به‌هێز بكات. من له لیوای بلیس بووم و له هاوینی ساڵی 1963ـێش له گه‌ڤه‌ڕ سه‌رباز بووم. ئه‌وكات زۆر زانیاریم له‌باره‌ی كورده‌وه نه‌بوو، به‌ڵام خه‌باتی ئه‌وان روون و ئاشكرا بوو و له‌به‌رچاو بوو.
فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراق كوردی ئه‌و ناوچانه‌ی بۆردومان ده‌كرد. هه‌ندێك جاریش ئه‌و بۆمبانه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان ههڵیدهدان، به‌ر گونده‌كانی سه‌ر سنووری گه‌ڤه‌ڕ ده‌كه‌وتن. هه‌روه‌ها ئه‌وكات ململانێیه‌ك له‌نێوان كورد و كوردیشدا هه‌بوو. بۆ نموونه ناوچه‌ی برادۆست به‌رهه‌ڵستی مه‌لا مسته‌فا بارزانی‌یان ده‌كرد و شه‌ڕ له‌نێوانیادا هه‌بوو، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی له‌مشێوه‌یه‌ش هه‌بوو. به‌شێك له‌و برادۆستیانه به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕ و ململانێییه به‌ره‌و گه‌ڤه‌ڕ كۆچیان كرد، واتا وه‌ك په‌نابه‌ر خۆیان به توركیا سپارد. له خاكی شێخ ره‌شیدی برادۆستی... ئه‌وكات دۆخێكی له‌مشێوه‌یه‌ش له‌ئارادا بوو. له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌رده‌وام توركیا فه‌رمانی ئه‌وه‌ی ده‌كرد، كه خاكه‌كه‌ی وه‌ك رێڕه‌وێكی هاتووچۆ به‌كارنه‌هێنرێت. چونكه له ساڵی 1947ـه‌وه ئه‌و ناوچه‌یه وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك به‌كارده‌هات. له ساڵی 1947 واتا سه‌رده‌می مه‌هاباد مه‌لا مسته‌فا له‌گه‌ڵ یه‌كینه‌كانی چووبووه ئێران، دواتریش له‌وێوه به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت چووبوو. ئه‌و گه‌شته‌ش له‌رێگه‌ی گه‌ڤه‌ره‌وه ئه‌نجامدرابوو. توركیاش فه‌رمانی به هێزه‌كانی كردبوو، كه یان ده‌بێت مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌ستگیر بكه‌ن، یانیش رێگه به گه‌شتێكی له‌و شێوه‌یه له ناوچه‌كه نه‌ده‌ن.
شۆڕش له 9ی ئه‌یلوولی 1961 ده‌ستیپێكرد و له ساڵی 1963ـشدا خه‌بات و تێكۆشان به شێوه‌یه‌كی توند به‌رده‌وام بوو. من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ئه‌وكات كوردانی ئه‌و ناوچه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی زۆر هاوكاری بارزانی‌یان كرد. خوێ، شه‌كر، گۆره‌وی و سووته‌مه‌نیان بۆ ده‌نارد.
هه‌روه‌ها ئه‌وكات ده‌وڵه‌تی توركیا وێنه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ناو هۆزه‌كانی ناوچه‌كه بڵاوكردبووه‌وه. ئه‌ویان وه‌ك كه‌سێكی داواكار نیشان ده‌دا و ده‌یانگوت، هه‌ر كه‌سێك ئه‌و ده‌ستگیر بكات و راده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركیای بكات، خه‌ڵات ده‌كرێت. ئه‌وكات زانیارییه‌كانم له‌باره‌ی كورده‌وه كه‌م بوون، به‌ڵام به‌و جۆره‌ش من خۆمم راده‌ستی بیروباوه‌ڕی ده‌وڵه‌ت نه‌كردبوو.
2- شۆڕشی ئهیلوول له ساڵی 1961 له سه‌ده‌می شه‌ڕی سارد ده‌ستیپێكرد. هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێوه بۆ رابه‌رایه‌تی مسته‌فا بارزانی چییه، كه توانیی له‌ناو هاوكێشه و یارییه سیاسییه هه‌رێمایه‌تی و جیهانی ئه‌و سه‌رده‌مه شۆڕش به‌رپا بكات و مامه‌ڵه بكات:
ئیسماعیل بێشكچی:
هه‌ڵبه‌ته پێویسته ئێمه ئاوڕێك له پشت په‌رده مێژووییه‌كه‌ی بده‌ینه‌وه؛ ساڵی 1920 له سه‌رده‌می جه‌ماعه‌تی میلله‌تان پارچه‌كردنی كورد و پارچه‌كردنی خاكی كوردستان زیانێكی زۆری به كورد و كوردستان گه‌یاند. سیاسه‌تی ئه‌و سه‌رده‌میش به هاوكاری دوو وڵاتی گه‌وره و میتینگهرانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌ده‌برا. بۆ كورد دۆخێكی زۆر سه‌خت بوو. وه‌ك ئه‌وه وابوو كه ئێسقانی مرۆڤێك له‌یه‌ك جیا بكرێنه‌وه یانیش مێشكی مرۆڤێك پان بكرێته‌وه، ئه‌و سیاسه‌تانه‌ش كاریگه‌ریه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ی له‌سه‌ر كورد كردووه. ئه‌و وڵاتانه ده‌یانویست به‌و سیاسه‌تانه‌ی و پارچه‌كردنی كوردستان، كورد به‌یه‌كجاری له‌سه‌ر زه‌وی بسڕنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به بوونی ئه‌وان بهێنن. به‌ته‌واوی له دۆخێكی له‌و شێوه‌یه‌دا كه هێرش و سیاسه‌تی زۆر قورس له‌سه‌ر سه‌ری كورد پیاده ده‌كرا، مه‌لا مسته‌فا بارزانی كاری كردووه كه كورد (وه‌ك باڵنده‌ی سیمه‌رخ) جارێكی دیكه له خۆڵه‌مێشی خۆیه‌وه ژیان بۆخۆی دروست بكات. مه‌لا مسته‌فا بارزانی رۆڵێكی له‌وشێوه‌یه‌ی گێڕاوه. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت ئێمه له‌و پرۆسه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی رۆڵی كه‌سایه‌تییه‌كانی دیكه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین.
پێویسته ئێمه شێخ عه‌بدولسه‌لام و شێخ ئه‌حمه‌دیش وه‌ك پێشه‌نگی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ستنیشان بكه‌ین و مه‌لا مسته‌فا بارزانیش وه‌ك به‌رده‌وامیپێده‌ری ئه‌و پرۆسه‌یه نیشان بده‌ین. له ساڵی 1947 كۆماری مه‌هاباد رووخێنرابوو و له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د گه‌لێك به‌ڕێوه‌به‌ر و سیاسه‌تمه‌داری كورد ده‌ستگیركرابوون. له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ دیاریكردنی ئایندهی كورد ده‌چێته تاران، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه قسه‌ر له‌گه‌ڵ شا بكات. به‌ر له‌وه‌ی دیدار له‌گه‌ڵ شا ئه‌نجام بدات، دامه‌زراوه‌یه‌كی هه‌واڵگری ئێران له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی ده‌كه‌وێته په‌یوه‌ندی. هه‌واڵگری ئێران به شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی ده‌ڵێت: "چه‌كه‌كانتان دانێن و له هه‌مه‌دان جێگیر بن". شێخ ئه‌حمه‌د بارزانیی بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌و داواكارییه بكاته‌وه، یه‌كجار وه‌ڵامی ئێران ده‌داته‌وه ده‌ڵێت: "ئێمه چه‌كه‌كانمان دانانێین و به هیچ شێوه‌یه‌كیش له هه‌مه‌دان جێگیر نابین. كاتێك به‌فر تاوایه‌وه و رێگاكان كرانه‌وه ئێمه دیسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه باشوور. ئێوه ده‌تانه‌وێت چ له مه‌لا مسته‌فا بارزانی و هاوڕێكانی بكه‌ن ئێوه ئازادن. زۆر مه‌لا مسته‌فا بارزانی دیكه له‌ناومان هه‌ن". دوای ئه‌و بڕیاره یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه مه‌لا مسته‌فا بارزانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو هێزه‌كانی كورد.
دوای ئه‌وه گه‌شته‌كه‌ی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌ستیپێده‌كات. هه‌ڵبه‌ت چوون به‌ره‌و خاكی یه‌كێتی سۆڤیه‌تیش پرۆسه‌یه‌كی گرنگ بوو. ئه‌وكات ژیانی كوردانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تستان ژیانێكی په‌نابه‌رێتی نه‌بوو. ئه‌و ژیانی ئه‌وان به‌ندایه‌تی له‌سه‌ر خاكه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا كورد له ئازه‌ربایجان ده‌ربه‌ده‌ر كراون. زیاتر له 50 پێشمه‌رگه كه له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی بوون به‌ره‌و ئاسیای ناوه‌ڕاست گوازرابوونه‌وه. له ساڵی 1948 به‌داخه‌وه ژیانی ئه‌وان له‌وێ ژیانێكی په‌نابه‌رێتیش نه‌بوو، به‌ته‌واوی به‌ندایه‌تییه‌ك بوو، كه په‌یوه‌ست بوو به خاكه‌وه. باشبوونی ژیانی كورد له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت دوای مردنی ستالین واتا له ساڵی 1952 و 1953ـه‌وه ده‌ستپێ ده‌كات. دوای ئه‌و ساڵانه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سۆڤیهتیستانهوه له مۆسكۆ خانوویه‌ك بۆ مه‌لا مسته‌فا بارزانی دابین ده‌كرێت. ئیدی مه‌لا مسته‌فا بارزانی ماوه‌یه‌ك له‌وێ ده‌مێنێته‌وه و زۆربه‌ی دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه‌كانی له‌و خانووه ئه‌نجام ده‌دات. دوای مردنی ستالین كورد هه‌ندێك خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن و ئاگاداری یه‌كتر ده‌بن و دێنه‌وه لای یه‌ك.
له ساڵی 1958 دوای رووخانی رژێمی پاشایه‌تی له عێراق، مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ 500 پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه عێراق و به‌مه‌ش هه‌م له مێژووی كوردستان و هه‌میش له مێژووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌رده‌مێكی نوێ ده‌ستپێده‌كات. ئه‌و سه‌رده‌مه گه‌له‌ك گرنگه. چونكه كاریگه‌ری ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر كوردستان، به‌ڵكو كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی و توركیاش دروست ده‌كات. دۆزی كورد وه‌ك هۆكارێك له بنچینه‌ی هه‌موو كوده‌تا سه‌ربازییه‌كانی توركیادا بوونی هه‌یه. واتا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شكسته‌ی عێراق له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لا مسته‌فا بارزانی خواردوویه‌تی له توركیا روونه‌دات، ئه‌و كودهتایانه روویانداوه: كوده‌تای 7ی گوڵانی 1960، كوده‌تای 12ی ئاداری 1971، كوده‌تای 12ی ئه‌یلوولی 1980 و كوده‌تای 28ی شوباتی 1997، هه‌موو ئه‌و كودهتایانهش بۆ ئه‌وه بوون، كه كاریگه‌ری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له عێراق روویاندابوو له توركیا دووباره نه‌بنه‌وه، واتا بۆ ئه‌وه‌ی له كوردستانی باكووریش هه‌مان شت روونه‌دات ئه‌و كودهتایانه روویاندابوو. من له‌و باوه‌ڕه‌دام كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌مه زۆر گه‌وره بوون.
به‌ر له‌وه من باسی خانووه‌كه‌ی مۆسكۆڤام كردبوو. ئه‌وێ بۆ كورد و كوردستان پێگه‌یه‌كی زۆر گرنگی پێزانینه. من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه پێویسته كورد هه‌وڵ بۆ كڕینی ئه‌و خانووه بده‌ن. چونكه ئه‌و خانووه بۆ كورد گه‌لێك گرنگه.
به بڕوای من هه‌م مه‌لا مسته‌فا بارزانی و هه‌میش بارزانییه‌كان له كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كارگه‌ری زۆر گه‌وره‌یان دروستكردووه. بۆ نموونه له توركیا هۆكاری كوده‌تاكان هه‌ر كورد بوون و هه‌روه‌ها خه‌بات و تێكۆشانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له باشوور ده‌ستپێكردن بوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه نه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا، نه سیاسه‌تی توركیا، نه چاپه‌مه‌نی توركیا و نه زانكۆكانی توركیاش به هیچ شێوه‌یه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌وباره‌یه‌وه نه‌كردووه. وێڕای ئه‌وه‌ی كه هۆكاری هه‌موو كوده‌تاكان كورد و دۆزی كورد بوو، به‌ڵام هیچ كامێك له‌و دامه‌زراوانه هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ئه‌و بابه‌ته نه‌كردووه. هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه، كه كورد هه‌میشه ره‌تكراونه‌ته‌وه، به زوڵم و سته‌مكاری په‌ستان و فشار ده‌خرێته سه‌ریان. له پرۆسه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی كورد به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێنه پێشه‌وه، سیاسه‌تی توركیا، چاپهمهنییهكهی و زانكۆكانی هیچ كات گرنگییان به‌و بابه‌ته نه‌داوه و تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیشیان له‌و باره‌یه‌وه نه‌كردووه. كاتێك پرسیار له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی كوده‌تای 27ی گوڵان ده‌كرێت، ده‌ڵێن: "ئه‌وكات خوێندكاران راپه‌ڕیبوون، زیان به سیسته‌می ده‌وڵه‌ت گه‌یشتبوو و سیسته‌مێكی نوێ نه‌یده‌توانی دابمه‌زرێت، بۆیه كوده‌تا كرا. به‌ڵام راستییه‌كه‌ی وا نییه. دۆزی كورد و كوردستان له بنچینه‌ی ئه‌و كوده‌تایه‌دا بوونی هه‌یه، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌باته‌ی له باشووری كوردستان نه‌گوازرێته‌وه بۆ باكوور ئه‌و كوده‌تایه ئه‌نجامدرا. هه‌ڵبه‌ت مه‌لا مسته‌فا بارزانی كه‌سایه‌تییه‌كی به ته‌نها نییه. ده‌بێت بارزانییه‌كان له پرۆسه‌یه‌كدا هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت. پرۆسه‌كه له شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و تا مه‌لا مسته‌فا بارزانییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، پرۆسه‌یه‌كی گرنگه. هه‌وره‌ها من وه‌ك كه‌سایه‌تی پڕ به دڵ یادی عه‌بدولسه‌لام بارزانی، شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌كه‌مه‌وه.
3- جوگرافیا و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر شۆڕشی كوردستان هه‌بووه؟ چه‌نده له خزمه‌ت سه‌رخستن یان بارقورسكردنی شۆڕشی كوردستاندا بووه؟
ئیسماعیل بێشكچی:
له ساڵی 1961، مه‌لا مسته‌فا بارزانی له به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه. له ساڵی 1958 ئه‌گه‌ری په‌یمانێك هه‌یه. چاوه‌ڕێ ده‌كرا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا و عه‌بدولسه‌لام قاسم په‌یماننامه‌یه‌ك هاتبایه ئاراوه. به‌ڵام ئه‌مه رووینه‌دا، له‌سه‌ر ئه‌مه مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان، له‌سه‌ر رێ و رێبازی تێكۆشانی چه‌كداری به‌رده‌وامی به خه‌بات ده‌دات. دۆخێكی له‌و شێوه‌یه هه‌یه: مه‌لا مسته‌فا بارزانی له 1961 رێپێوانێك له بارزانه‌وه تا زاخۆ ده‌ستپێ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت كه خه‌ڵك بۆ خه‌بات و تێكۆشانه‌كه‌ی پشتیوانییه‌كی چۆن ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت تێڕوانینی خه‌ڵك بۆ ئه‌و خه‌بات و تێكۆشانه چییه. به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا بارزانی هیچ جۆش و خرۆشێك و ئومێدێكی له خه‌ڵك نه‌بینیوه.
كاتێك مه‌لا مسته‌فا بارزانی له زاخۆ ده‌یه‌وێت ئاشكرا بكات كه خه‌ڵك بۆ تێكۆشان ئاماده نییه، له باكوور گۆیی (مه‌به‌ستی عه‌شیره‌تی گۆییه) ده‌ڵێن: "ئێمه و چه‌كه‌كانمان ئاماده‌ین كه به‌شداری و پشتیوانی تێكۆشانهكهت بكه‌ین و پشتگیری له تۆ بكه‌ین". دواتر گۆیی به‌شداری ئه‌و خه‌باته ده‌بن و مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ به‌شداریكردنی گۆییان له زاخۆوه به‌ره‌و بارزان رێپێوانێك ده‌كات. له‌كاتی گه‌شته‌كه‌یان ژماره‌ی به‌شداربووان هه‌ر له زیادبووندا بووه. دوای پشتگیری گۆییهكان گه‌لێك كه‌س به‌شدارییان له‌و گه‌شته‌دا كردووه. دواتر له بارزانه‌وه به‌ره‌و سلێمانی رێپێوانێك ساز ده‌كرێت. ئه‌و رێپێوانه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه قه‌ره‌باڵغتر بوو. شۆڕشی 9ی ئهیلوول به‌و شێوه‌یه ده‌ستیپێكردووه. واتا پرۆسه‌ی به‌شداریكردنی خه‌ڵك به‌و شێوه‌یه بوو. به‌ڵام سه‌ره‌تای سه‌رده‌می ئه‌و پرۆسه‌یه كورد چه‌كێكی زۆری به‌ده‌سته‌وه نه‌بوو. له‌و پرۆسه‌یه‌دا هیچ هاوكارییه‌كی كورد نه‌كرابوو. واتا له ده‌ستپێكی ساڵی 1960 و ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌سته‌كاندا هیچ كه‌سێك یارمه‌تی كوردی نه‌دابوو. دواتر زانیمان كه ئیسرائیل له‌ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه چه‌ند هاوكارییه‌كی زۆر بچووكی پێشكه‌ش كردووه، به‌ڵام رژێمی ئیداره‌ی ئێران واتا شا، نه‌یده‌هێشت ئه‌و هه‌موو هاوكارییانه بگه‌نه ده‌ستی كورد. بۆ نموونه ئیسرائیل 10 تفه‌نگی ده‌نارد، به‌ڵام ئێران دوو تا سێ دانه‌ی له‌و تفه‌نگانه‌ی بۆ كورد ده‌نارد و ئه‌وانی دیكه‌ی بۆ خۆی ده‌هێشته‌وه.
تێڕوانینی شا له‌باره‌ی كورده‌وه به‌و شێوه‌یه بوو: "كورد با له دژی عێراق بن به‌ڵام هه‌رگیز با سه‌رنه‌كه‌ون". هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و هاوكارییه كه‌م و بچووكانه‌ی له ئیسرائیله‌وه بۆ كورد ده‌هاتن، له‌به‌ر ئێران به ته‌واوی نه‌ده‌گه‌یشتنه ده‌ستی كورد. من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ئه‌مه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵك و شۆڕشی ئهیلوول دروست كرد.
4- رۆڵ و كاریگه‌ری وڵاتانی دراوسێی كوردستان چییه؟
ئیسماعیل بێشكچی:
بێگومان كاریگه‌ری ئه‌وان گه‌لێك زۆر بوون، به‌ڵام ده‌بێت مرۆڤ ئه‌وه باش بزانێت، ئه‌وكات یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و ئه‌مه‌ریكاشی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س پشتگیری له كورد نه‌كرد. هیچ هێزێك نه‌بوو له‌پشتی كورد بێت و پشتیوانی له كورد بكات. یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، ئه‌مه‌ریكا، وڵاتانی ئه‌وروپا، فره‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیاش له‌ناویان هیچ وڵاتێك پشتگیری‌یان له كورد نه‌كرد. هه‌ر له‌خۆیه‌وه وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوژمنی كوردن. توركیا، عێراق، ئێران و سووریا هه‌موویان دوژمنن. واتا كورد له دژی دوژمنایه‌تییه‌كی له‌و شێوه‌یه گه‌وره خۆڕاگر بووه. ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌له‌ستین نییه. ته‌نیا یه‌ك دوژمنی فه‌له‌ستین هه‌یه ئه‌ویش ئیسرائیله. به‌ڵام هه‌موو وڵاتانی ده‌وروبه‌ر؛ میسر، عه‌ره‌بستانی سعوودیه، عێراق، ئێران، سووریا و هه‌موویان پشتگیری فه‌له‌ستینیان ده‌كرد. به‌ڵام پشتگیرییه‌كی له‌و شێوه‌یه له‌كورد نه‌كراوه. كورد هه‌میشه به‌ته‌نیا بوون. بێگومان پشتگیری ئیسرائیل گرنگه، به‌ڵام تا ئێستا نه كورد و نه ئیسرائیلیش هیچ لێدوانێكیان له‌باره‌ی ئه‌و پشتگیرییه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌ب ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستییان بۆ فه‌له‌ستین هه‌بێت یان نه‌بێت، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت له‌ڕووی ماددییه‌وه به‌ناچاری هاوكاری فه‌له‌ستین بكه‌ن. له بواره‌كانی سیاسی و دیپلۆماسی یارمه‌تی بده‌ن. 22 وڵاتی عه‌ره‌ب، 57 وڵاتی ئیسلامی كه په‌یوه‌ستن به كۆنفرانسی ئیسلامی، چ له‌ڕووی سیاسی یانیش دیپلۆماسییه‌وه یارمه‌تی فه‌له‌ستین ده‌ده‌ن. هاوكارییه‌كی له‌و شێوه‌یه هیچ كات پێشكه‌ش به كورد نه‌كراوه. به‌پێچه‌وانه‌وه وڵاتانی ئیسلامی، وڵاتانی عه‌ره‌ب له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یارمه‌تی هاوكاری ئه‌و وڵاتانه‌یان كرد كه له ده‌وروبه‌ری كوردن، بۆ ئه‌وه‌ی شكست به تێكۆشانی كورد بهێنن.
5- جاری یه‌كه‌م چۆن دیدگای ئێوه له‌باره‌ی كورد گۆڕا؟
ئیسماعیل بێشكچی:
له قه‌رس له ئارپاچای عهرداخانێ سه‌ربازێكی كورد هه‌بوو. كاتێك زانیمان سنوورمان تێپه‌ڕاندووه. له هه‌ر كیلۆمهترێكدا له‌سه‌ر سنوور گاشه‌به‌ردێك هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مه زۆر روون نه‌بوو. ئێمه‌ش نه‌مانزانی كه سنوورمان به‌زاندووه. نزیكه‌ی 400 بۆ 500 مه‌تره ئێمه سنوورمان به‌زاندووه. ئه‌وكات پێشمه‌رگه‌یه‌ك گوتبووی: "ئێره هه‌رێمی ئێوه نییه". منیش له قسه‌كانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه تێنه‌گه‌یشتبووم. ئه‌وكات سه‌ربازی ئارپاچایی مۆڵه‌تی وه‌رگرت بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات و كردی. ئه‌وكات من هه‌ستم به شتێك كرد. له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ئه‌نقه‌ره ده‌یانگوت: "كورد هیچ نینه، زمانی ئه‌وان هیچ نییه، كوردێكی ئه‌وبه‌ری چیا له زمانی كورده‌كه‌ی ئه‌وبه‌ری دیكه‌ی چیاكه تێناگات". دواتر من هه‌ستمكرد كه كوردی هه‌رێمی ئارپاچای و كوردی هه‌رێمی بارزان كه 700 كیلۆمه‌تریان له‌نێوانه، زۆر به‌باشی له‌یه‌كتر تێگه‌یشتن و زۆریش باش قسه‌یان كرد. ئه‌و رووداوه له ژیانی مندا پێگه‌یه‌كی زۆر گرنگ ده‌گرێته‌وه. چونكه ئه‌وكات ئینكار و ره‌تكردنه‌وه هه‌بوو، دادگا، زانكۆ و میدیا هه‌موویان كوردیان ره‌ت ده‌كرده‌وه و زمانی كوردی‌یان ئینكار ده‌كرد و دانیان پێدا نه‌ده‌نا. بۆیه به كوردی به كوردی لێكتێگه‌یشتنی دوو كورد كه 700 كیلۆمه‌تر له‌یه‌كه‌وه دوورن گه‌لێك گرنگ بوو بۆ شكستی سیاسه‌تی ئینكاركردن و ره‌تكردنه‌وه‌ی كوردیش ورده‌كارییه‌كی زۆر گرنگ بوو.
ئه‌و گرته ڤیدیۆیه‌ی خواره‌وه ته‌واوی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ی كه‌ناڵی كوردستان24 له‌گه‌ڵ ئیسماعیل بێشكچی، كه به زمانی توركی ریكۆرد كراوه، له‌خۆ ده‌گرێت: