لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆی رۆژی هەڵبژاردن روونکردنەوە دەدرێت

"سەرجەم هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشیییەوە"

قەدەغەی هاتووچۆ - ئەرشیف
قەدەغەی هاتووچۆ - ئەرشیف

K24 - هەولێر

فەرماندەیەکی هێزەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق قەدەغەی هاتووچۆ ناسەپێنرێت.

تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەپێناو کارئاسانی بۆ چوونی دەنگدەران بۆ بنکەکانی دەنگدان، رۆژی هەڵبژاردن قەدەغەی هاتووچۆ ناسەپێنرێت".

خەفاجی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، لە رۆژی دەنگدان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن، هەروەها لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن، بۆ یارمەتیدانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەساڵاچووان بۆ گەیاندنیان بە بنکەکانی دەنگدان راسپێردراوە.

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10ی ئۆکتۆبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت.