ئەمەریکا: لە هەولێر دەمێنینەوە

"باشترە هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پێکەوەبن"

رۆبەرت پالەدینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان - 22/9/2021 - هەولێر
رۆبەرت پالەدینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان - 22/9/2021 - هەولێر

K24 - هەولێر

رۆبەرت پالەدینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، لەمیانی پێشوازیکردنی لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە و بۆ هەردوولا باشتر کە پێکەوەبین".

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا، گوتی: "باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر 60٪ی تەواو بووە، کە لە ساڵی 2018 بەردی بناغەی دانرا، لەمەودوا کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەسەر ئەم زەوییە قەشەنگە لە بناری چیای سەفین دەبێت، سەربەرزین کە توانیومانە لە دروستکردنی ئەو باڵەخانەیە هەلی کار بۆ 600 کەس بڕەخسێنین. لە ساڵی 2023 باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر تەواو دەبێت و چاوەڕێین کونسوڵخانە بگوازینەوە ئەم باڵەخانەیە".

ئاشکراشی کرد: "ئەم کونسوڵخانەیەی لە هەولێر دروست دەکرێت گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەبێت لە سەرانسەری جیهان، ئەگەر بپرسین بۆچی ئەمەریکا ئەم کونسوڵخانە گەورە لێرە دروست دەکات؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە پەیوەندیی بە گەشەکردنی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانە، ئەم کونسوڵخانەیە دەبێتە ئاماژەیەک بۆ ئەوانەی کە بە شەقامی 150 مەتری دا دەڕۆن، بیریان بێتەوە کە ئەمەریکا لێرەیە و زۆرپابەندە و لێرەش دەمێنێتەوە، ئێمە پێمان وایە باشترە بۆ ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کە پێکەوەبین".

کونسوڵی ئەمەریکا، راشیگەیاند: "بوونی ئەمەریکا لێرە، مایەی سەقامگیرییە  بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێمە نیازمان وایە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان کاربکەین، لە بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و خۆشگوزارنتر، لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ و یەکگرتوودا، بوونی ئەمەریکا لێرە سوودی هەیە و سەقامگیری لەگەڵ دەبێت، بە دڵنیاییەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پەیوەندییەکی پتەویان هەیە، کە بۆ چەندین دەیە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا کە روومان لە داهاتووە و روومان لە ئاسۆیە، پێویستە جار جاریش سەیری رابردوو بکەین، هەموومان بیرمان دێت لە ساڵی 1991 ئەمەریکا بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان، ناوچەی ئارام، ناوچەی دژەفڕینیان دروستکرد، کە بووە هۆی پاراستنی کوردەکان و دانیشتوانی دیکەی ئەم هەرێمە، ئەو سەقامگیرییەی ئەمەریکا دابینیکرد، بووە ژینگەیەکی لەبار، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان تێدا دروست بێت و گەشە بکات".

رۆبەرت پالەدینۆ، ئاماژەی بەوەشکرد: "ساڵی 2005 دوای رژێمی بەعس مام جەلال کە یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق بوو، سەردانی سەرۆک بۆشی کرد لە کۆشکی سپی، دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا، لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا مام جەلال لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا کە رۆژنامەنووسەکە کورد بوو، مام جەلالیش بە زمانی کوردی وەڵامی دایەوە، ئەمە یەکەم جاربوو، سەرۆکی وڵاتێک لە کۆشکی سپی بە زمانی کوردی قسە بکات و هەموو جهیانیش گوێی لێ بێت. هەروەها بیرمان دێت کاتێک داعش هەڕەشەی لە هەولێر کرد، پێشمەرگە ئازاکان بە هاوکاری هێزی ئاسمانی ئەمەریکا، توانیومان هێرشەکەی داعش تێکبشکێنن، لە ئەنجامدا پاڵەوانانی کورد واتا پێشمەرگە، ناوبانگی پاڵەوانیان لە هەموو جیهان بەدەستهێنا".

هێمای بۆ ئەوەشکرد: "ئێستا بە هەزاران کورد لە ئەمەریکا دەژین، تەنها لە ویلایەتی ناشڤیل 11 هەزار کورد هەن، کە پێی دەگوترێت (کوردستانی بچووک) هەروەها 26 هەزار کەسی ئەمەریکی لە کوردستان دەژێن. پێویستە کە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لێرە هەبێت، پێم وایە پەیوەندی نێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەمەریکا دوورمەودا و درێژخایەنە، ئەو پەیوەندییە پێویستی بە ژوور و شوێنی تایبەتە بۆ گەشەکردن".

کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو: "حکومەتی ئەمەریکا هاوکاری هاوڕێ کوردەکانی دەکات بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە ریزەکانی پێشمەرگە، ئێمە نزیکە 250 ملیۆن دۆلارمان بۆ هەماهەنگی ئەمنیی تەرخان کردووە، بۆ دابینکردنی راهێنان و کەلوپەل و پێداویستی هێزی پێشمەرگە. هێزی پێشمەرگە کە داعشی تێکشکاندن ئێستا لە ئاستێکی بەهێزتردایە، لەپێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئەمەریکا لەو بڕوایەدایە تا هێزی پێشمەرگە یەکگرتووتر بێت هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت، هەروەها دۆخی عێراقیش باشتر دەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەمە بکەین. هاوکاریی و کارکردنمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەنها لەچوارچێوەی کاری ئەمنیی نییە، بەڵکو بابەتی گرنگتر دەگرێتەوە، هاوبەشی هەردوولامان لە گەشەپێدانی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گەندەڵی، پاراستنی شوێنەوارە کولتوورییە ناوازەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە‌هێزکردنی کەرتەکانی تەندروستی و خوێندن و ژینگەپارێزی و سەروەری یاسا".

پالەدینۆ، گوتیشی: "حکومەتی ئەمەریکا شان بە شانی حکومەتی هەرێم دەوستێ لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، تائێستا نزیکەی 75 هەزار ژەمە ڤاکسینی فایزەرمان پێشکەشکردووە و زیاتریش دەکەین، هەروەها هاوکاریمان پیشکەشکرد بۆ جیاکردنەوەی یەکەی تووشبووانی کۆرۆنا لە دهۆک، ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و ئەمبوڵانسمان بۆ وەزارەتی تەندروستی دابینکردووە، هاوکات ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوەمان بۆ گواستنەوەی داو و دەرمان لە سلێمانی دابینکرد، ئەمەش بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بکرێت".

ئاشکراشی کرد: "ئەمڕۆ حکومەتی ئەمەریکا زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە، ئەمە وادەکات کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر گەشە بکات".

کونسوڵی ئەمەریکا، باسی لەوەشکرد: "ماوەی 10 ساڵە دەرگای کونسوڵخانەمان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، لەو ماوەیەدا زۆر شتمان ئەنجامداوە، لەم نزیکانەشدا دەرگای گەورەی کونسوڵخانەی نوێ دەکەینەوە، گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لێرە لە هەرێمی کوردستان دەبێت، دڵنیام لە داهاتوودا دەتوانین زۆرشت پێکەوە بکەین، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پێکەوەبن باشترە".

 

 

Fly Erbil Advertisment